شێخ جەعفەر: ناوەندی بڕیار بڕیاری یەکێتی دەردەکات

 شێخ جەعفەر: ناوەندی بڕیار بڕیاری یەکێتی دەردەکات
فەرماندەیەکی سەربازیی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە بڕیاری حزبەکەی لە ناوەندی بڕیارەوە دەردەچێت و ”زۆرینەو ئەوانە ھەمووی درۆ دەلەسەیە“.



شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە لێدوانێکدا، کە رۆژی چوارشەممە 7ـی ئەیلوولی 2016 بڵاو کراوەتەوە، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، شەرعییەتی تەواو لە ناو یەکێتیدا لەگەڵ ناوەندی بڕیارە، کە خۆی لە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، ”جێگرانی سکرتێری گشتی و دوای ئەوانیش لە هەرسێ ئەندام مەکتەبی سیاسی (حاکم قادر، مەحموود سەنگاوی و من)” دەبینێتەوە.



دوای راگەیاندنی ”ناوەندی بڕیار“ی یەکێتی لەلایەن کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کە خۆیان بە زۆرینە دەزانن رایانگەیاند، کە جێگرانی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی حزبەکە بە چەپڵەرێزان نەک بە هەڵبژاردن بوونەتە سکرتێری گشتی و مافی دەرچوواندنی نوێنەرایەتی کردنی یەکێتییان نییە.



شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، کە هاوکات فەرماندەی هیزەکانی 70ـی پێشمەرگەیە، وەڵامی ئەو لێدوانانە دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ”لەپێناو پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی“ کۆسرەت رەسوڵ ھەندێک جار دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار نەھێناوە و لە مێژووی حزبەکەشدا، ئەو سەرکردەیە چەندین جار یەکێتی لە شکست رزگار کردووە، ”ھەر ئەو کاک کۆسرەتە چەندین جار شەڕواڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ھەڵکێشاوەتەوە“.



ئەو سەرکردەیەی یەکێتی وێڕای رەتکردنەوەی ململانێی ”ناشەریفانە“ و خەریک بوون بە شەڕ لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، پێشیوایە ”کێشەکانی ناو یەکێتی لەسەر دزینی سامانی میللەت و پۆستە نەک لەسەر فکر و کوردایەتی“، باسی لەوەش کردووە، کە کەس نازانێ داهاتی حزبەکەی، ”چۆن دێت و چۆن دەڕوات و بۆ کێ خەرج دەکرێت“.



شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، کە خۆی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ناوەندی بڕیار، رایگەیاندووە، کە لەمەودوا بڕیاری کۆتایی یەکێتی لەلایەن ناوەندی بڕیارەوە دەردەچێت، ”با بێتە سەر ئەوەی بڕیار بدەین ئەو کاتە دەزانن کێ بڕیار لە ناو یەکێتیدا دەدات“ و لە ئەگەری رێگریکردنیش لە ناوەندی بڕیار، دەڵێت ”قابیلە بێدەنگ بین“.



سەرکردەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کردووە، راگەیاندنی یەکێتی، کە ”بە پارەی شەھیدان و پێشمەرگەی یەکێتی بەڕێوەدەچن“، گوزارشت لە حزبەکە ناکەن و جیاوازیی لەنێوان میدیاکانی ئەو حزبە و میدیا فەرمییەکانی (گەلی کوردستان و کوردستانی نوێ) هەیە لە رووی مووچەوە.








باسنیوز
Top