حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران: لە سەردەشت شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای پاسداران ڕووی دا

 حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران: لە سەردەشت شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای پاسداران ڕووی دا
لەبارەی شەڕ و تێکهەڵچوونی دوێنێ سێشەممە 2016 -9 -6 لە نێوان پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و سوپای پاسداران لە دەوروبەری سەردەشت کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامیی ئەو حزبە ڕاگەیدندراوێکی بڵاو کردەوە.



لە ڕاگەیەندراوەکەی حدکدا هاتووە "بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەی سەردەشتەوە بە کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزب گەیشتوون، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە ڕەواڵی ساڵانی پێشوو لەم ناوچەیە خەریکی تیكۆشان بوون، ئێوارەی دوێنێ ١٦ی خەرمانان(٦ی سێپتامبری ٢٠١٦) لە ناوچەی بوڵفەت لە شوێنێک لە نێوان ئاواییەکانی کانی زەرد، وەردێ و گڵکەند لەگەڵ تەڵەی ئینفیجاری و کەمین بەرەوڕوو بوون."






دەقی ڕاگەیەندراوە:



پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت کەمینێکی هێزەکانی ڕێژیمیان تێک شکاند.



بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەی سەردەشتەوە بە کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزب گەیشتوون، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە ڕەواڵی ساڵانی پێشوو لەم ناوچەیە خەریکی تیكۆشان بوون، ئێوارەی دوێنێ ١٦ی خەرمانان(٦ی سێپتامبری ٢٠١٦) لە ناوچەی بوڵفەت لە شوێنێک لە نێوان ئاواییەکانی کانی زەرد، وەردێ و گڵکەند لەگەڵ تەڵەی ئینفیجاری و کەمین بەرەوڕوو بوون.



بە دوای تەقینەوەی تەڵە ئینفیجارییەکە کە لە ژمارەیەک مین‌و گوللە تۆپ پێک هاتبوو، هێزەکانی ڕێژیم لە پێگە نیزامییەکان ‌و ئەو شوێنانەی پێشتر لێیان جێگیر ببوون، شوێنی ڕووداوەکە و مەسیرەکانی دەور‌و بەریان دایە بەر دەسڕێژ و تۆپ و خومپارە باران. پێشمەرگەکان لە مەسیری دوورکەوتنەوە لە شوێنی تەقینەوەکە، لە هێزەکانی ڕیژیم وەدەست هاتن‌و، بەرپەرچی دەسڕێژ‌و تەقەی ئەوانیان دایەوە.



بە هۆی تەقینەوەی تەڵەی ئینفیجاری، بە داخێکی گرانەوە، دوو پێشمەرگەی بەوەج و لێهاتوو بە ناوەکانی ئازاد ئاڵی خەڵکی گوندی “دۆڵەگەرم”ی سەردەشت و ئەمیر قادریان ناسراو بە ئەمیر نەستانی خەڵکی نەستانی ناوچەی ڕەبەت، گیانیان لە دەست دا و چوونە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدان.



پێشمەرگەکان لە کاتی دوورکەوتنەوە لە شوێنی ڕووداوەکە، کەوتنە ژێر تەعقیب و ئاگربارانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی‌و لە گەڵیان تووشی تێکهەڵچوون بوون. لە ژمارەی کوژراو و برینداری دوژمن لەم تێکهەڵچوونانەدا، هەتا ئێستا زانیارییەکی ڕوونمان پێ نەگەیشتوە.



کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای بەداخبوون لە شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی دڵسۆز و ماندوویی نەناس ئازاد ئاڵی‌و ئەمیر نەستانی، سەرەخۆشی‌و هاودەردیی قووڵی خۆی بە بنەماڵەکانیان، هاوسەنگەرانیان‌و خەڵکی ناوچەی سەردەشت ڕادەگەیەنێ.



حیزبی دیموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی

١٧ی خەرمانانی ١٣٩٥

٧ی سێپتامبری٢٠١٦
Top