سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆک هۆلاند و وەزیری بەرگریدا کۆ دەبێتەوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆک هۆلاند و وەزیری بەرگریدا کۆ دەبێتەوە
(مەسعوود بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەم ‌حەفتەیەدا سەردانی فەرەنسا دەکات و لەگەڵ (فرانسوا ھۆلاند) سەرکۆماری فەرەنسا و وەزیری بەرگرییدا کۆ دەبێتەوە و سێ تەوەری سەرەکی دەخەنە بەر باسەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم حەفتەیە، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ئەورووپا، لەگەڵ (فرانسوا ھۆلاند)ـدا لە کۆشکی (ئێلیزێ) دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی (سەرۆک بارزانی) و (سەرۆک هۆلاند)، شەڕی داعش و گرتنەوەی مووسڵ، پێوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان، هەروەها پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەخرێنە بەر باسەوە.


لە 12 ئەیلوولی 2014دا (فرانسوا ھۆلاند) سەرکۆماری فەرەنسا ھاتە ھەرێمی کوردستان و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندا لەگەڵ (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆ بووەوە، لە 10 شوباتی 2015ـیشدا (سەرۆک بارزانی) لە کۆشکێ (ئێلیزێ) لە پاریس لە لایەن (سەرۆک ھۆلاند)ەوە پێشوازی کرا.
KDP _
Top