چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی پێش جەژن خشتەیەکی دیکەی مووچە ڕابگەیەنێت

چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی پێش جەژن خشتەیەکی دیکەی مووچە ڕابگەیەنێت
بەھۆی ھاتنی پشووی جەژنی قوربان، تەنیا دوو ڕۆژی تەواو لەدەست وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوە، کە دەوام تێیاندا فەرمی بێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، وەزارەتەکە لە ڕۆژانی پشوودا مووچە دابەش بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 6\9\2016، سەرچاوەیەک لەناو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”سبەی چوارشەممە، دوای کۆتاییھاتنی خشتە ڕاگەیاندراوەکەی مووچەی فەرمانبەران، پێشبینی دەکرێت وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی مووچە ڕابگەیەنێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”لەناو وەزارەتی دارایی قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە دوو ئەگەر ھەیە، یان ڕۆژی پێنجشەممە و ڕۆژێکی دواتریش، تەنیا مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت، یانیش مووچەی چەند وەزارەتێک لەو وەزارەتانە دابەش بکرێت کە ژمارەی فەرمانبەرەکانیان لە وەزارەتی پەروەردە کەمترە“.

سەرچاوەکە ئەوەی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد: ”ئامادەکاریی تەواو لە لایەن بانکەکان و گەنجینەکانەوە ھەیە، ئەگەر وەزارەتی دارایی بڕیار بدات، ڕۆژانی ھەینی و شەممەش مووچە دابەش دەکرێت“.

پێشتر، ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”زانیاری ھەیە پێش جەژن، مووچەی ھەندێک وەزارەت و فەرمانگەی دیکە دابەش بکرێت“. ڕوونیشی کردەوە: ”بڕیار نەبوو تەنھا مووچەی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش دابەش بکرێت، بۆیە لەو چەند ڕۆژەی کە ماوە بۆ جەژن، وەزارەتی دارایی مووچەی ھەندێک لە وەزارت و فەرمانگەکانی دیکەش دابەش دەکات“.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشی بەوە کرد کە نیگەرانییەکی زۆر لەنێو مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھەیە و ”دەبێت پێش جەژن، مووچە بە فەرمانبەران بدرێت“.

لە 29\8\2016، وەزارەتی دارایی بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کرد.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانە، (باسنیوز) چەند جارێک پێوەندی بە بریکاری وەزارەتی دارایی و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی داراییەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکان نەدرایەوە.
Bas News _
Top