په‌رله‌مانتارێكى عێراق داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ى نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى ده‌كات
ئه‌شواق جاف، په‌رله‌مانتارى عێراق، داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و سه‌رۆك و جێگرى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجوومه‌نى شوورا و ئه‌نجوومه‌نى باڵاى خانمان له باره‌ى كێشه‌یه‌كی ژماره‌یه‌ك له ئافره‌تان و پیاوانى جیابووه‌وه ده‌كات، له داواكارییه‌كه‌یدا كه وێنه‌ى لێ ناردووه بۆ (باس‌نیوز) هاتووه :" ژماره‌یه‌ك له ئافره‌تان و پیاوانى جیابووه‌وه له هاوسه‌ره‌كانیان سه‌ردانیان كردین و یاداشتێكیان پێداین كه تیایدا داواكارن چاو بخشێنرێته‌وه به‌و یاسایه‌ى ئێستا كارى پێده‌كرێت سه‌باره‌ت به بینینی منداڵه‌كانیان بۆ ماوه‌ى (24) كاتژمێر له یه‌ك هه‌فته‌دا".
له داواكارییه‌كه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه ئافره‌ت و پیاوانه‌دا، ئاماژه به‌وه دراه كه ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌ربڕیوه له به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ پرس و ڕاوێژێك به‌وان وه‌كو به‌خێوكه‌ر نه‌كراوه، هه‌روه‌ك پێیانیش وایه، كه ئه‌و بڕیاره له ڕووى ده‌روونییه‌وه زیان به منداڵه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نێـت و بارێكى ناجێگیریان بۆ درووست ده‌كات و هاوكات په‌روه‌رده‌شیان تێك ده‌چێت.
هه‌روه‌ها له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، ئافره‌ته‌كان له‌لایه‌ن براو باوك و كه‌سوكاریانه‌وه بهرنگاریى توندوتیژى ده‌بنه‌وه، چونكه یاساكه له‌گه‌ڵ كه‌لتوورى كۆمه‌ڵگاى كوردیدا ناگونجێت، بۆیه داواكارن كاركردن به‌و یاسایه ڕابگیرێت و به یاسای پێشوو پێش هه‌مواركردنه‌وه‌ى له ساڵى 2015 كه ڕێگا ده‌دات ماوه‌ى بینین ته‌نها دوو تا سێ كاتژمێر بێت له هه‌فته‌یه‌كدا،، كار بكرێت، هه‌روه‌ها هه‌ندێكجار له‌لایه‌ن باوكان یان پارێزه‌ره‌كانیانه‌وه هه‌ڕه‌شه له منداڵه‌كان ده‌كرێت كه ئه‌گه‌ر نه‌ڕوات بۆ چاوپێكه‌وتنه‌كه ئه‌وا له‌ڕێی پۆلیسه‌وه ناچارى ده‌كه‌ن.
وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره كه هاوكات ئه‌ندامى لیژنه‌ى مافه‌كانى مرۆڤه له په‌رله‌مانى عێراق، له داواكارییه‌كه‌یدا ده‌یخاته‌ڕوو، ئافره‌تان و پیاوه‌كان كه كێشه یاساییه‌كه‌یان هه‌یه، داواكارن كه:
كاركردن به‌و یاسایه ڕابگیرێت و ئه‌و ههمواركردنهى له ساڵى 2015 له په‌رله‌مانى كوردستاندا كراوه، هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، پاشان به ئاماده‌بوونى لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و به‌خێوكه‌رى مناڵان له دایكان و باوكان و توێژه‌رانى كۆمه‌ڵایه‌تى و پزیشكى ده‌روونى، یاساكه هه‌موار بكرێته‌وه به شێوه‌یه‌ك گونجاو بێت له‌گه‌ڵ دابونهریتى كورده‌وارى.
BASNEWS -
