لە مەریوان دەست بەسەر 11 كیلۆ زێڕی قاچاخدا گیرا

لە مەریوان دەست بەسەر 11 كیلۆ زێڕی قاچاخدا گیرا
لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان، دەست بەسەر 11 كیلۆگرام زێڕدا گیرا، كاتێك كەسێك هەوڵیدا بەقاچاخ ئاودیوی باشووری كوردستانی بكات.

كیۆمەرس شێخی، فەرماندەی سنووری پارێزگای سنە (پارێزگای كوردستان) رایگەیاند "هێزەكانی نیزامی لە شارۆچكەی مەریوانی سنووری كەسێكیان دەستگیركردووە كە ویستوویەتی11 كیلۆ و 235 گرام زێڕی عەیار 18 بە قاچاخ بباتە دەرەوەی ئێران."

بەگوتەی كیۆمەرس شێخی، تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە. نرخی ئەو 11 كیلۆ و 235 گرام زێڕەی قاچاخچییەکە ویستوویەتی بە نایاسایی ئاودیوی باشووری كوردستانی بكات، ملیارێك و 200 ملیۆن تومەنە.

شارۆژكەی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ شارۆچكەی پێنجوێنی باشووری كوردستان هاوسنوورە و، نێوان ئەو دوو شارۆچكەیە خاڵێكی سنووریی نێودەوڵەتی لێیە و بە باشماخ ناسراوە.
RUDAW -
Top