هاوردەکردنی بەرهەمی کشتووکاڵی بیانی رانەگیراوە

 هاوردەکردنی بەرهەمی کشتووکاڵی بیانی رانەگیراوە
خۆپیشاندانەکەی هەفتەی رابردووی جووتیارانی پێنجوێن، لە دژی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتەی بیانی، تەنیا هاوردەکردنی بەهەمی تەماتەی راگرتووە، هاوردەکردنی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی دیکە بەردەوامە.

شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە رووداوی راگەیاند "جگە لە تەماتە، هەموو بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی دیکە هاوردە دەکرێن و تۆنی 350 هەزار دینار گومرگیان لێوەردەگیرێت، بەرهەمی سەوزەش تۆنی 250 هەزار دینار گومرگیان لەسەرە".

وەزارەتی کشتووکاڵ لەدوای خۆپیشاندانەکەی جووتیارانی پێنجوێن بڕیاریدا چوار تیم بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، بەڵام بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ رەتیدەکاتەوە هیچ تیمێکی وەزارەتی کشتووکاڵ سەردانی دەروازەکەی کردبێت.

دەروازە سنوورییەکان ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن کە وەزارەتی کشتووکاڵ بۆ گومرگکردنی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان دایناوە و، بەتەنیا لە یەک رۆژدا لە دەروازەی باشماخ نزیكەی 40 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانە و لە مانگێکیشدا دەکاتە یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار.

خاڵس ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی کشتووکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان بە رووداوی راگەیاند "ئەگەر سیستمی وەرگرتنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بەدڵنیاییەوە کێشە بۆ بەرهەمی ناوخۆ دروست نابێت".

سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ رێگریکردن لە هاوردەکردنی بەرهەمی کشتووکاڵی، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا لە هەوڵی زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندایە بۆ هەرێمی کوردستان.

رەسوڵ خزری، نوێنەری پیرانشار لە ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە "وڵاتەکەی پێویستی بە ئاسانکاری بازرگانی هەیە لە سنوورەکان، بۆ ئەوەی بتوانن کاڵا و بەرهەمە کشتووکاڵییەکان بە شێوەیەکی گونجاو هەناردە بکەن".

خزری ئاماژە بەوەشدەکات "بەرهەمی کشتووکاڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ساخدەبێتەوە".
RUDAW -
Top