دەنگی داعش بێدەنگ كرا

 دەنگی داعش بێدەنگ كرا
29ی حوزەیرانی 2014 تۆمارێكی دەنگی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە. لە تۆمارەكەدا لەلایەك دامەزراندنی "دەوڵەتی ئیسلامی" راگەیەنرا و لەلایەكی دیكەشەوە ئەبووبەكر بەغدادی ئەلقورەیشی وەكوو خەلیفەی دەوڵەتەكە ناسێنرا. ئەو دەنگەی خەلافەتەكەی راگەیاند دەنگی ئەبوو محەممەد ئەلعەدنانی بوو، بەڵام ئەوكات هیچ كەسێك نەیدەزانی خاوەنی ئەم دەنگە بڕیاردەری هەموو ئەو ڤیدیۆ پڕوپاگەندەییانەیە كە داعش بڵاویان دەكاتەوە و كەسی دووەمی نێو داعشە.

چەند مانگ دوای راگەیاندنی خەلافەتەكەی بەغدادی، ئەمریكا پێنج ملیۆن دۆلاری وەكوو خەڵات بۆ سەری ئەبوو محەممەد ئەلعەدنانی راگەیاند. دواجار بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەی هەفتەی پێشوو ئامانجەكە پێكرا و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) رایگەیاند كە ئەلعەدنانی لە پارێزگای حەلەب كوژراوە، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بەوە بدەن كە كێ و كام لایەن كوشتوویانە.
ئەلعەدنانی، تەمەن 39 ساڵ، لە شارۆچكەیەكی نزیك شاری ئدلیب لەدایك ببوو، ناوی راستەقینەی تەها سوبحی فەلاحە و لە دوای هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق لە 2003، رووی لە عێراق كردبوو بۆ ئەوەی بەشداری شەڕی دژی هاوپەیمانان و حكومەتی زۆرینە شیعەی عێراق بكات.

گومان دەكرێت ئەلعەدنانی لە یەكێك لە شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان 2005 بۆ 2010 دەستگیر كرابێت و دواتریش بۆ كەمپی دەستبەسەریی بوكا گوازرابێتەوە. ئەلعەدنانی لەو گرتووخانەیە چاوی بە ئەبووبەكر بەغدادی، سەركردەی داعش و حاجی بەكری جێگری بەغدادی كەوتبوو، بەڵام ئەوكات لەناو ریزەكانی قاعیدەدا ئەلعەدنانی زۆر لە بەغدادی بەناوبانگتر بووە. بە گوتەی یەكێك لە شایەتحاڵەكان ئەوكات بەغدادی هەندێكجار گوتاری هەینی لەناو گرتووخانەكەدا دەخوێندەوە، بەڵام گوتارخوێنێكی شارەزا نەبووە و گوتارەكانی سەرنجی ئامادەبووانی رانەدەكێشا. رەنگە هەر ئەمە هۆكار بووبێت بۆ ئەوەی دواتر و لە كاتی راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەلعەدنانی وەكوو دەمڕاستی بەغدادی دیاری كرابێ.

هەتا ئەم دواییەش ئەلعەدنانی بە گوتەبێژی داعش دەزانرا، بەڵام لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە چەكدارانی پێشووی داعش، دەركەوت سنووری دەسەڵات و كارەكانی ئەو زۆر لەوە بەرفراوانتر بووە كە پێشتر زانرابوو.

ئەبوو محەممەد ئەلعەدنانی سەرۆكی شوورایەك بووە و ئەم شوورایە هەموو مانگێك كۆبوونەوەیەكیان رێكخستووە، بۆ ئەوەی بە هەموو ئەو ڤیدیۆ و مادە پروپاگەندەییانەدا بچنەوە كە ئامادەكراون. بە گوتەی یەكێك لە چەكدارانی پێشووی داعش، لە كۆبوونەوەكانی شوورادا بەڵێ و نەخێری كۆتایی لەدەست ئەلعەدنانیدا بووە. كە بە "پیاوە زلەكە"ش ناسرابوو. بەم پێیە هەموو ڤیدیۆكانی سەربڕین، سووتاندن، گولـلەبارانكردن و لە كارەبادانەكان بە چاودێری و رەزامەندیی پیاوە زلەكە بووە. جگە لەمە، هەموو ئەو كەسانەی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەكوو فەیسبووك، تویتەر و تێلێگرام كاریان بۆ داعش كردووە، بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی ئەلعەدنانیدا بوون. هەر بۆیە بە كوژرانی ئەلعەدنانی گورزێكی بەهێز لە دامودەزگای پڕوپاگەندەی داعش كەوت.

جگە لەم دوو بەشە، ئەلعەدنانی بەرپرس و هەماهەنگیكاری دوو بەشی دیكەش بووە كە لەڕووی بایەخەوە هیچ لە بەشی پڕوپاگەندەی داعش كەمتر نین، ئەوانیش دەزگای "زانیاریی ئەمنی" داعش بووە كە لە دوو بەشی چالاكی نێوخۆیی و لقی هێرشەكانی دەرەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش پێكدێت و ئەركی دانانی پلان و جێبەجێكردنی هێرشەكان لە رۆژئاوا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئاسیایان لە ئەستۆیە.

گوتەبێژەكەی داعش بەرپرسی "هێزە تایبەتەكان"ی داعشیش بوو كە ئەركیان شەڕكردن و بڕینی گەمارۆ و شكاندنی بۆسەیە لە جەنگە سەختەكاندا. چەكدارانی هێزی تایبەت بە راهێنانێكی سەربازیی قورسدا دەبردرێن كە لە 10 قۆناغ پێكدێت، لەگەڵ تەواوكردنی دوا قۆناغیشدا بە چاوی داپۆشراوەوە دەبردرێن بۆ لای ئەلعەدنانی بۆ ئەوەی دوایین بەیعەتی خۆیان بە خەلافەت بدەن.

عەدنانی هەر لە سەرەتای 2014ەوە زانیبووی داعش ناتوانێت هەموو جارێك هێرشێكی داڕێژراو ئەنجامبدات، هەر بۆیە پەنای بۆ هاندانی "گورگە تەنیاكان" بردبوو. گوتەبێژەكەی داعش لە ئەیلولی 2014دا لە تۆمارێكی دەنگیدا فەرمان بە لایەنگرانی داعش لە ئەوروپا دەدات كە "ئەگەر بۆمبتان دەستنەكەوت، بە گولـلە ئەوروپییەكان بكوژن، ئەگەر ئەوەشتان دەستنەكەوت بە بەرد سەریان پان بكەنەوە، یان بە چەقۆ بیانكوژن، بە ئوتۆمبێل بەسەریاندا بڕۆن، یان لە شوێنێكی بەرزەوە بەریانبدەنەوە، یان ژەهرخواردیان بكەن".

زۆربەی ئەم میتۆدانە لە هێرشەكانی لایەنگرانی داعش لە ئەوروپا بینراون، نموونەی هەرە دواییشیان هێرشەكەی شاری نیس لە فەرەنسا بوو كە تێیدا هێرشكەرەكە بە بارهەڵگرێك چووە ناو ئاپۆڕەی بەشدارانی ئاهەنگی رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا و تێیدا 86 كەس مردن و 434 كەسیش برینداربوون.

ئەلعەدنانی یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی داعش كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆربەیان كوژراون. حەسەن حەسەن، نووسەری كتێبی بەناوبانگی "گەشتێك بەناو سوپای تیرۆردا" لە دیمانەیەكی گۆڤاری نیویۆركەری ئەمریكیدا پێیوایە "كوژرانی ئەلعەدنانی و ئەندامانی دیكەی دەستەی دامەزراندنی داعش ئەو راستییە دەردەخات كە داعش خەریكە بەرەو قۆناغی دووەمی دەچێت، بەو مانایەی كوژرانی ئەم سەركردانە دەكرێت كاریگەریی لەسەر ئاراستە و رێكخستنی گرووپەكە دابنێ".

دەركەوتنی زەرقاوی و دواتریش ئەلعەدنانی، بەغدادی و حاجی بەكر گۆڕانێكی گەورەیان لە رێكخستن و ئاراستەی ئەلقاعیدەدا دروستكرد، گەورەترین ئەو گۆڕانكارییەش بریتی بوو لە خستنەڕووی بیرۆكەی "ئامانج پاساوە بۆ ئامراز"، كە زەواهیری و بنلادن نەیاندەتوانی بەو رەهاییە قەبووڵی بكەن. بە بۆچوونی حەسەن خاڵی گرنگ ئەوەیە "ئایا نەوەی یەكەمی سەركردەكانی داعش هەتا چەندە دەرفەت و هەلی گۆڕانكاری لە ستراتیژ و ئایدیۆلۆژیای رێكخراوەكەیان هێشتووەتەوە، بۆ ئەوەی سەركردەكانی داهاتووی گرووپەكە لەوێوە جارێكی دیكە گۆڕانكاری لە رێكخراوەكەدا دروستبكەن؟".

كێ گوتەبێژەكەی كوشت؟

وەك چۆن عەدنانی مردن و دیمەنەكانی مردنی كردبوو بە خۆراكی پڕوپاگەندە، بەهەمانشێوەش مردنەكەی خۆیشی جارێكی دیكە كەوتەوە نێو شەڕی پڕوپاگەندەی زلهێزەكان. ئێوارەی سێشەممە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند "ئەلعەدنانی لە هێرشێكی وردی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكادا لە نزیك لە ئەلباب كوژراوە".

رۆژی دواتر وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێكدا گوتی "ئەلعەدنانی لە ئاكامی هێرشێكی فڕۆكەی Su_24ی رووسی لە نزیك ئەلباب كوژراوە". ئەمە یەكەمجارە رووسیا بەرپرسیارێتی كوژرانی یەكێك لە سەركردەكانی داعش لە ئەستۆ بگرێت. هەمان رۆژ پیتەر كووك، گوتەبێژی پێنتاگۆن، بانگەشەكەی رووسیای رەتكردەوە و گوتی "هیچ زانیارییەكمان لەبەردەست نییە پشتگیری لەو بانگەشەیەی رووسیا بكات كە ئەوان ئەو هێرشەیان لە ناوچەیە كردبێت".

ئەوەی رووسیا و ئەمریكاش لەسەری كۆكن ئەوەیە كە عەدنانی كوژراوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری هەردوو وڵاتیش دەزانن ئەلعەدنانی لە دوای خۆی دامودەزگایەكی گەورەی پڕوپاگەندەكردن و راكێشان و راهێنانی چەكدارانی دامەزراندووە، ئەم داوودەزگایانەش هەر ماون. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دوای نەمانی عەدنانیش ئەم سێ دامەزراوە بنچینەییەی داعش لەژێر چاودێری یەك كەسدا دەمێنن، یان بەسەر چەند كەسدا دابەش دەكرێن و ئەمە چ كاریگەرییەك لەسەر توانای پڕوپاگەندەیی و هێرشەكانی داعش دادەنێ؟
rudaw -
Top