ئامادەکاری بۆ پلانێکی تۆکمە کراوە؛ پێوەست بە جەژنی قوربانە
ئەمڕۆ سێشەممە (6/9/2016) بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگای ھەولێر پلانی خۆیان بۆ جەژنی قوربان ڕاگەیاند پلانەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ قایمقامییەتی ناوەندی پارێزگای ھەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شاری ھەولێر جێبەجێ دەکرێت و لەم پلانەشدا بوارەکانی ئەمنیی و تەندروستی و خزمەتگوزاری لەبەرچاو گیراوە و بەرپرسانیش دڵنیایی دەدەنە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان. لە دیوانی پارێزگای ھەولێر ھەریەک قایمقامی ناوەندی پارێزگای ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شارەوانی و تەندروستی و ھاتوچۆ و پۆلیس و بەرگری شارستانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تێیدا پلانەکانی ئەمنیی و خزمەتگوزارییان بۆ ڕۆژانی جەژن ڕاگەیاند. قایمقامی ناوەندی پارێزگای ھەولێر (نەبەز عەبدولحەمید) لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: "بەھۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە بۆیە سەرەتا لەگەڵ چاودێری بازرگانی قسەمان کردووە بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژن چێشتخانەکان کراوە بن و سەرجەم چێشتخانەکان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت لە ڕۆژانی جەژن کاربکەن، ئەوەی پابەند نەبێت ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی دەگیرێتە بەر."
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لیوا (عەبدولخالق تەلعەت) لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت بە پلانی ئەمنیی بۆ چوار ڕۆژی جەژنی قوربان گوتی: "پلانمان داڕشتووە کە ھێزە ئەمنییەکانی پۆلیس و ئاسایش، ھەماھەنگیی بکەن و کاربکەن بۆ ئەوەی ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراو لە ھەولێر و دەوروبەری دروست نەبێت و تیمەکانی پۆلیسیش بەردەوام لە ئامادەباشیدان و ھاووڵاتییانی شاری ھەولێریش دڵنیا دەکەینەوە کە سەر و ماڵیان پارێزراوە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گوتیشی: "بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندا ھەیە لە جەژنی ڕەمەزان تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٨٥ھەزار کەس ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و بە دڵنیاییەوە لەو حەفتەیەشدا بەھۆی جەژنی قوربانەوە ژمارەی ئەو خەڵکانە زیاد دەکات کە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن".
دواتر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای ھەولێر دکتۆر سامان بەرزنجی گوتی: "بەبۆنەی ھاتنتی جەژنی قوربانەوە ٥ لێژنەمان پێک ھێناوە بۆ ئەوەی سەردانی شوێنە گشتییەکان بکەن و ئەمبولانسەکانیش بەسەر ١٣ تیم دابەش بوونە و ھاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگای ژمارە ١٢٢ پەیوەندی بکەن و بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بە زووترین فریای ھاووڵاتییان بکەوێت."
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی پارێزگای ھەولێر، لیوا (ھێرش ئەحمەد) ڕایگەیاند: "پلانێکی تۆکمەمان بۆ ڕێکخستی شەقامەکان و جەنجاڵیی ھاتوچۆ داڕشتووە کە دووھەزار کارمەندمان لە ئەرکدا دەبن و بەسەر ٣ شیفت دابەش دەبن؛ ئەوانیش زیاتر لە شوێنە قەرەباڵغ و جەنجاڵەکان دەبن و ھەروەھا بەڕیوەبەرایەتییەکەی ناوشار و بەڕێوەبەرایەتیی قەزاوناحیەکانیش لە ئامادەباشیدان."
سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر (سامان محەمەد) لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان گوتی: "سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر لە ڕێگای شارەوانییەکانەوە بە ھاوکاریی شەش کۆمپانیا کە ئەرکی پاککردنەوەی ناو شاری ھەولێریان لە ئەستۆدایە ھەماھەنگ دەبین، جگە لەوەش چەند تیمێکمان داناوە تەنیا بۆ چاودێریکردن و بە دواداچوونی زێدەڕۆیی."
ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی پارێزگای ھەولێر عەمید سۆران ھەمزە، سەبارەت بە کار و پلانی ڕۆژانی جەژن گوتی: "پلانی ئێمە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانە و لە ڕۆژانی جەژنیش سەرجەم ئەفسەر و کارمەندان لە ئامادەباشیدا دەبن و ٨ بنکەی ئاگرکوژێنەوە ھەیە لە ناو شاری ھەولێر و لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان ھەماھەنگیمان کردووە کە ھاوکاریی یەکتر بکەین لە پێناو پاراستنی ماڵی ھاووڵاتییان لە ھەر حاڵەتێکی نەخوارراودا."
KDP
