ئەو خاڵە جەوھەرییانەی پەتی نێوان ھەردوو باڵەکەی یەکێتیی پچڕاند

 ئەو خاڵە جەوھەرییانەی پەتی نێوان ھەردوو باڵەکەی یەکێتیی پچڕاند
ئەندامێکی کارای (ناوەندی بڕیاری یەکێتی) رای دەگەیەنێ، داواکانی ئەوان روونە و لە چەند خاڵێکی جەوھەریدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوەی ئەوانیش دەیخوازن بۆ یەکێتییە نەوەکو خۆیان.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری یەکێتی، خاڵە جەوھەرییەکانی داواکردنیان پێشتر بەروونی داوەتە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و لەسەر ئەو بنەمایە پێنج لیژنە پێکھێنراون، بەڵام دواتر لیژنەکان پەک خراون.

سەرچاوەکە گوتی: "لای ھەموو یەکێتییەکان روونە کە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد دەستی گرتووە بەسەر جومگە سەرەکییەکانی یەکێتیدا، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی یەکێتی مەرجەعیەتی خۆی لەدەست بدات".

سەرچاوەکە سەرەتا ئاماژەی بەوەش دا کە باڵی ھێرۆ ئیبراھیم بەتەواوی دەستی گرتووە بەسەر دارایی یەکێتی، لە موڵکەکان و پشک و کۆمپانیاکان، کە تەواوی داھاتەکەی دێتە بەردەستی بنەماڵەی تاڵەبانی، ھەر بەو ھۆیەشەوە تەواوی میدیاکانی یەکێتی کە پارەکانیان لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە دابین دەکرێت، لەژێر رکێفی باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەددان.

سەرچاوەکە بەڵگەی بەوە ھێنایەوە، لەم دۆخەدا میدیاکانی یەکێتی تەنیا بەیاننامەی باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدیان خوێندووەتەوە، ئەوەش وای کردووە کادیران و لایەنگرانی باڵی ناوەندی بڕیار لە میدیای دیکەی دوور لە یەکێتی، بەدواداچوون بۆ دۆخەکە بکەن.

سەرچاوەکە لەبارەی خاڵێکی دیکەی جەوھەری، باسی لە مەلەفی نەوت کرد، کە بەشێکی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کە لە بەیاننامەی باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتیدا بە ئاشکرا ئاماژە بەوە کراوە کە باڵی دەسەڵاتداری یەکێتی دەستیان بەسەر ئەو مەلەفەدا گرتووە لە کەرکووک و ھەندێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان و سەفقەی ژێربەژێریان ھەیە، بەبێ ئەوەی داراییەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان بێت، بە شێوەیەک زۆرینەی گرێبەستەکانی گواستنەوەی نەوت و بە بازاڕِکردن لە دەستی ئەو باڵەدایە.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، پێش ئەوەی شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەت، نێچیرڤان بارزانی بگاتە بەغدا، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی نەوتی کەرکووکیان بە تەنکەر رەوانەی ئێران کردووە و پێشتر لەلایەن باڵی ناوەندی بڕیارەوە رێگرییان لێ کراوە، بەڵام دواتر ئەوان باڵادەست بوون بەسەر دۆسیەکەدا و بەردەوامییان پێ داوەتەوە.

سەرچاوەکە بەڵگەی بە زانیاریی میدیا عێراقییەکان ھێنایەوە، کە ئاشکرایان کردبوو لە لایەن ھێرۆ ئیبراھیم داوا لە حەیدەر عەبادی کراوە ھەناردەی نەوتی کەرکووک بەتەواوی لە رێگەی بۆڕییەوە رابگرێ، کە بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لەو داوایەی کە ماوەی چەند مانگێکی خایاندووە و حکوومەتی عێراق قبووڵی کردووە، بۆ ھەر رۆژێک ٥ ملیۆن دۆلار زیانی بە ھەرێمی کوردستان و کەرکووک گەیاندووە، کە کۆی گشتیی زیانەکە ١٢٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە بووە.

ھەر بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، نەوتی کەرکووک کە ئێستا بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە، بەڵام بەشەکەی دیکەی لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور و دەسەڵاتی پارێزگاوە ئیدارە دەکرێ، لەوەشدا باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو بەشەدا ھەیە و جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتیش ئاگاداری ئیدارەدانی ئەو نەوتە نین.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، کێشەیەکی دیکەی باڵی ناوەندی بڕیار ئەوە بووە کە ھەرچی کەسێک لە یەکێتی پۆست و پەرپرسیاریەتی پێ دراوە ئەو کەسانە بوون کە نزیک بوون لە ھێرۆ ئیبراھیم و بە ھەموو شێوەیەک خەتی سوور بەوانەدا نراوە کە نزیک بوون لە باڵی (کۆسرەت رەسوڵ) یان (بەرھەم ساڵح)ـەوە.

سەرچاوەکە دوا نموونەشی بە دۆسیەی ئەکرەم شەریف ھێنایەوە، کە پێشتر لە مەکتەبی سیاسی بڕیار درابوو ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵام بۆ سبەی بە بڕیاری باڵی ھێرۆ ئیبراھیم، بۆ ئازاد ئەمین گۆڕدراوە.

سەرچاوەکە زیاتر لەسەر خاڵە جەوھەرییەکانی نیگەرانیی باڵی ناوەندی بڕیار قسەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ھەوڵی داوە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، لە پەرلەمانی عێراق ئاڵا تاڵەبانی وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق و بێگەرد تاڵەبانی وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان داناوە، کە ھەردووکیان لە خەتی بنەماڵەی تاڵەبانین.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ جیاوازیی پرەنسیپی ئەو دوو باڵەش کرد، لە رێککەوتنەکان و پرسی سەربەخۆیی کوردستان کە وای کردووە درزی نێوان ئەو دوو باڵە فراوانتر بکات، کە بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بە لای باڵی ناوەندی بڕیارەوە عەیبەیەکی گەورەیە یەکێتی لەو قۆناغەدا لەو بەرەیەدا نەبینرێ کە کار بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکات.

رێواس فایەق، ئەندامی ناوەندی بڕیاری یەکێتی رایگەیاند، ئەو کەسانەی واژۆیان لەسەر بەیاننامەی خاڵەکانی ناوەندی بڕیار کردووە، واژۆکانیان بۆ خۆیان نەکردووە و بۆ یەکێتییان کردووە، گوتی: "من لە ھەموو کۆبوونەوەکاندا ئامادەییم ھەبووە و گوێم لە قسەی ھەڤاڵەکانم بووە، ھیچ کەسێک لەوان باسیان لە پارە نەکردووە، ئەگەر باسی پارەش کرابێ کە وەکو بەشێک لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، پارەکە بۆ کەسی دیاریکراو نییە، یان بۆ ئەو ١٧ کەسە نییە کە ئیمزای بەیاننامەکەیان کردووە، بابەتی دارایی یەکێتی وەکو بەشێک لە بەدامەزراوەکردن قسەی لەبارەوە کراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، وەک چۆن بە لای ناوەندی بڕیارەوە گرنگە کە یەکێتی بۆ دۆست و نەیارەکانی خاوەنی یەک مەرجەع بێت بۆ بڕیاردان، ئەوھاش بە لایەوە گرنگە کە پارەی یەکێتی بە دامەزراوە بکرێت و ئەگەر یەکێتی داھات و دارایی ھەیە، ئەوا وەکو ھەر حزبێکی دیکە مەکتەبی دارایی ھەبێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی خەرج بکرێ، بەشێوەیەک لە خزمەتی ھەموو ئەندامێکی یەکێتیدا بێت.

ئەو ئەندامەی ناوەندی بڕیار روونیشی کردەوە، لە پرسی بڕیاردان ئەو ناوەندەیان کێشەی لەگەڵ ئەوەدا ھەیە کە یەکێتی یەک رووی ھەبێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی.

رێواس فایەق نموونەشی بەوە ھێنایەوە، کە سیاسەتی یەکێتی روون نییە و بڕیار لێدراوی مەرجەعی یەکێتی نییە، ئەوان نایانەوێ سیاسەتی یەکێتی بە میزاج و بڕیاری یەک تاکەکەس بێت، گوتی: "کە بڕیارمان دا وەکو یەکێتی مامەڵە لەگەڵ حزبێک بکەین، دەبێ پێیەوە پابەند بین".

گوتیشی: "ئێستا دەپرسین ئێمە لەگەڵ سەربەخۆییداین یان نا، ئێمە نازانین! ئێمە لەگەڵ ئەوەداین لەگەڵ بەغدا بمێنینەوە یان نەمێنینەوە، نازانین! پەیوەندیمان لەگەڵ سوننە باش بێت یان شیعە، نازانین! ئێمە لە پەیوەندی لەگەڵ گۆڕان و پارتی چۆن بین، نازانین! زیاتر لەگەڵ پارتی باشتر بین یان گۆڕان، نازانین! ئێمە شەریکین لە نەوت یان نا، نازانین! ئێمە لە بەشداریمان لە حکوومەت رازین یان نا، نازانین!

حکوومەت پارەی ھەیە و لە خەڵکی دەشارێتەوە یان نیەتی، نازانین! لەبەرئەوە ئێمە دەمانەوێ یەکێتی پێشەنگ بێت، ئەگەر لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانە پێشەنگ بێت، ئەگەر لە دژیەتی و دەیەوێ لەم قۆناغەدا لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە با پێشەنگ بێت و شەرم نەکا، سیاسەتی دووفاقی بۆ ھێزێکی کاریگەری خاوەن ھەزاران شەھید و سەدان ھەزار ئەندام و لایەنگر نابێ".

بەڵام بەپێی بەیاننامەکەی باڵی ھێرۆ ئیبراھیم، بابەتی ھەستیاری ئاوھا، دوور و نزیک، لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی باس نەکراوە.










باسنيوز
Top