سەرۆك بارزانی و فرانسوا ھۆلاند کۆدەبنەوە
سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەم ھەفتەیەدا سەرۆك بارزانی، لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەوروپا، دەڕواتە فەرەنسا و لەگەڵ فرانسوا ھۆلاند، لە کۆشکی (ئێلیزێ) دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان ئەجێندای سەردانەکەی بارزانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەپاڵ باسکردنی شەڕی داعش و گرتنەوەی مووسڵ، باس لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەگشتی دەکرێت و پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشووریش یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەی بارزانی دەبێت.
سەرسام شوانی، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانستە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان رای گەیاند، ئەگەر لە روویەکی ئەکادیمیانەی دوور لە ململانێی سیاسییەوە سەیری سەردانەکانی بارزانی بکەین بۆ وڵاتان، ئەو راستییە بۆ ھەموو لایەک روونە کە بارزانی، وەکو سەرۆکی وڵاتێکی کارای شەڕی دژ بە داعش پێشوازیی لێ دەکرێ.
گوتی: «سەردانەکانی بارزانی، بەردەوام لە ئاستێکی بەرزدان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئەوە دەخوازێ کورد بە شێوەیەکی خێرا ھەوڵی دیبلۆماسییانەی خۆی بۆ دەستکەوتەکانی بدات، لەو رووەشەوە بارزانی جانتاکەی پڕە لە دەستکەوت و وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا و ھاوپەیمانانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئارامی بۆ ناوچەکە دەھێنێ».
ئەو چاودێرە سیاسییە راشی گەیاند، لەپاڵ پرسەکانی مافی گەلی کوردستان، بارزانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا باس لە شەڕی داعش و چارەنووسی مووسڵی دوای داعش و پرسی پێشمەرگە و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە شەڕی داعشیشەوە دەکات، گوتی: «ئەوەی تا ئێستا بۆ کورد ھاتووەتە پێشەوە دەستکەوتی باشن و پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش یەکگرتووانە ئەو دەستکەوتانە زیاتر سەر بخەن».
جێی باسە، لە ماوەی شەڕی داعشدا، بارزانی و ھۆلاند چەند دیدار و کۆبوونەوەی دیکەیان ھەبووە و لە ١٢ ئەیلوولی ٢٠١٤دا فرانسوا ھۆلاند سەرکۆماری فەرەنسا ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، کۆ بووەتەوە، دوای ئەو ساڵەش بارزانی، لە ١٠ی شوباتی ٢٠١٥ رۆیشتووەتە فەرەنسا و لەگەڵ ھۆلانددا کۆبوونەوەی ھەبووە، ئەم دیدارە بە سێیەم دیداری فەرمی لەنێوان ھەردوو سەرۆک بارزانی و ھۆلاند دادەنرێت لە ماوەی شەڕی دژ بە داعشدا.
سەرچاوە/ باسنیوز
