سەفین خشكەیی

سەفین خشكەیی
ئەوەی كە هێژا سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بێمنەتانە دەڵێت ئەو مامۆستایەی بەم وەزعە رازیی نییە با بڕوات كارێكی دیكە بدۆزێتەوە، ئەوە قسەیەكی تەواوە، هیچ خەوشێكی لۆژیكیشی تێدا نییە و فرە عاقڵانەیە، راست دەكا كاك سەفین، ئێمە چ ئیشێكمان بە فێربوون و خوێندن هەیە؟ ئەم كەمالییاتە قۆڕانە هەر كوردی نەزان خۆی پێوە سەرقاڵ كردووە. ئادەی ئێوە منداڵێكتان بینیوە بە خوێندن و شەونخوونی بووبێتە سەرمایەدارێكی سەركەوتوو و خۆشگوزەران؟ كێ بە زەبری عیلم و ماریفەت بووەتە بازرگانێكی ناودار؟ دەی وەرە سەتانت پیشان بدەم كە گوێرەكە لە چاویانا ئەلبێرت ئەنیشتاینە و هەلهەلە بە ملیۆن لێدەدەن، مەسرەفی نێرگەلەیان سێ ئەوەندەی مووچەی مامۆستایەكە كە كاك سەفین جڕتی بۆ لێدەدات.

جا کەسی خاڵە خوێندن لیرە ئەنواعە، خوێندنی منداڵی هەژار جۆرێکیانە و لە کۆتاییدا لە بری بڕوانامە، کەساسنامە وەردەگرێت. هەشە زلی بێهونەر بە پیری و بە پارە بڕوانامەی زل زل وەردەگرێ و بۆخۆی پێی دەبێتە شت. كاك سەفینیش باش دەزانێ ئاو بە کوێدا دەڕوات، ئەوە بۆیە فشەی بە مامۆستا دێت، دەنا هەرگیز نایبینی ئەو هەڕەشەیە لە پێشمەرگە بكات و پێیان بڵێ ئەوەی بەم وەزعە رازی نییە با بڕوات كارێكی دیكە بدۆزێتەوە.

ئەی كاك سەفین گیان بۆ ناچێ ئەو هەڕەشەیە لە دختۆر و کارمەندی تەندروستی بكا؟ بۆ پێیان ناڵێ ئەوەی بەم وەزعە رازی نییە با بڕوا كاری دیكە بكا؟ كاك سەفین زیرەكە، ژیرە و دەزانێ هەڕەشە لە كێ دەكا، ئەو چاك دەزانێ خوێندن هەبێ یان نا، بۆ پەزەكە خەراو نییە، فەقە پێشمەرگە نەبێ، دختۆر و نەخۆشخانە نەبن، پەزەكەیان لێ دەشێوێ.

كاك سەفین گوتەبێژی حكوومەتۆكەیەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چاك دەكا مامۆستا ئیهانە دەكا، ئاخر دەسەڵات لە رۆژهەڵات، پێویستی بە میللەتێكی گێلە عەینەن مەڕ و ماڵات.

ئەگەر حکوومەت هی خەڵک بوایە، گوتەبێژەکەی حیسابێکی بۆ خەڵک دەکرد، ئەمما کە حکوومەت جۆرێک بێت لە کەرتی تایبەت، ئاساییە بە خەڵکیش بڵێ ئەگەر ڕازی نیت ملت بشکێ. ئاخر ئەو هەرگیز ئەوە نازانێ كە خەڵك ئەویان لەوێ داناوە، ئەو باش دەزانێ میللەتی گێل، دەنگیشی گێلە، ئەوە بۆیە هەڵبژاردن چارەنووسی گێلان ناگۆڕێ.

كاك سەفینەكان، بۆخۆیان هیچ عەیبیان نییە و باشی دەخۆن بە خشكەیی، ئەوە بۆیە دەنگیان لە تێری دێت و ماری ئەنتوانێت ئاسا بە خەڵك دەڵێن ئەگەر نانتان نییە بخۆن دەتوانن كێك بخۆن، ڕۆژان ڕۆژی لەدوایە و ماری دزەیی چەند بۆی چووە سەر، سەفین ئەنتوانێتیش هەر ئەوەندە.

RUDAW -
Top