لە کەمپی بەحرکە 830 خێزانی ئاوارە ھاوکاری کران
ئەمڕۆ دووشەممە 5/9/2016، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی مانگی سووری کوێتی، لە کەمپی بەحرکە بۆ ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکەدا جێگیر کراون، بە ئامادەبوونی نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و د.عومەر ئەلکندی، قونسوڵی کوێت لە ھەرێمی کوردستان، خۆراکیان پێشکەش بە 830 خێزان کرد.
لە درێژەی دابەشکردنی کۆمەک و ھاوکاری و پێداویستییەکان، بەسەر پەنابەر و ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەمپی بەحرکە کە تایبەتە بە ئاوارەی ئێزیدی، شەبەک و عەرەب بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی مانگی سووری کوێتی، 830 خێزان پریاسکەی خۆراکیان وەرگرت، کە پێکھاتبوو لە برنج، ساوار، زەیت، دۆشاوی تەماتە، خوێ، شەکر، فاسۆلیا، چا، رشتە، شیر و نۆک.
ئیدارەی کەمپی بەحرکە لەلایەن ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، بەڕێوە دەبرێت، بەشێوەیەکی بەردەوام ھاوکاری و پێداویستی بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەش دەکات.
