چاودێرێکی سیاسی: هاتنی فەتلاوی بۆ شەرعیەتدان بوو بە بەباڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

 چاودێرێکی سیاسی: هاتنی فەتلاوی بۆ شەرعیەتدان بوو بە بەباڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
چاودێرێکی سیاسی باس لە هاتنی حەنان فەتلاوی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیرادە لە پەرلەمانی عێراق بۆ شاری هەڵەبجە دەکات و دەڵێت: “بۆ شەرعییەتدان بە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەردانەکەی ئەنجام داوە”.

جەمال عەبدوڵا، نووسەر و چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: “هاتنی حەنان فەتلاوی، مەبەستدار بووە، چونکە لە کاتێکدایە ناوەندی بڕیار جۆرێک لە جیابوونەوەیان لەناو یەکێتی ڕاگەیاندووە، دواتر ڕۆژێک دوای بەیاننامەکەی ناوەندی بڕیار، حەنان فەتلاوی دەهێنرێتە شاری سلێمانی کە ئەمە گرنگە، ئەویش لە سلێمانی ناچێتە لای ناوەندی بڕیاری یەکێتی و دەچێتە لای ئەو باڵەی کە ناویان لە خۆیان ناوە زۆرینەی مەکتەبی سیاسی”.

چاودێرەکە ئەوەشی دووپات کردەوە: “فەتلاوی پەیامێکی هەبوو، دەیەوێت بڵێت، ئێمە لە کوردستان، سلێمانی هەڵدەبژێرێن، شەرعیەت لای سلێمانییە بۆ ناوەندی بڕیاری سیاسی، ئەوان لەناو سلێمانیش یەکێتی هەڵدەبژێرن، لەناو یەکێتیش باڵێک هەڵدەبژێرن، ئەویش باڵی دەستڕۆیشتووە، وەک ئەوەی ئەوان بڕیاریان دابێت سیاسیەت لەگەڵ ئەو باڵە بکەن".

جەمال عەبدوڵا لە لێدوانەکەیدا ئاماژەشی بەوە کرد، ئامانجی ئەوەی پێشوازی لە فەتلاوی کردووە، ئەوەیە کە باڵی دەستڕۆیشتوو بەباڵی ناوەندی بڕیار بڵێت: “ئەوە بەغدایە مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ئێمە دەکات، ئێمە یەکێتین و شەرعیەت لای ئێمەیە". گوتیشی: ”هاتنی فەتلاوی نیگەرانی زۆر دروستکردووە بۆ خەڵکی کوردستان، باڵی دەست ڕۆیشتووش دەیەوێت بڕیار لەناو یەکێتی لەبەرژەوەندیی خۆی بدات".










باسنیوز
Top