قادر رەزگەیی: یەکێتی دەیەوێت خۆی کێشەکان چارەسەر بکات نەک لایەنێکی دیکە

قادر رەزگەیی: یەکێتی دەیەوێت خۆی کێشەکان چارەسەر بکات نەک لایەنێکی دیکە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، یەکێتییەکان خۆیان دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و دەبێت کێشەکان لە چوارچێوەی ناو یەکێتیدا چارەسەر بکرێن.



قادر ڕەزگەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ناوەندی بڕیار و ئاراستەکەی دیکەی یەکێتی، دەبێت ڕێککەون، چونکە هەردووکیان خاوەنداریەتیی یەکێتی دەکەن، یەکێکیان ئامادە نییە دەستبەرداری ئەوی دیکەبێت، چارەسەر لەبەردەمیان ڕێککەوتنە، چونکە هەموو یەکێتییەک چاوەڕوانی چارەسەری گرفتەکانە”.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردەوە: "هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناو یەکێتی، باشترە لەناوخۆی حزب بێت، بەتایبەتی هەوڵەکانی ناوخۆی یەکێتی و گفتوگۆی سەرکردەکانی یەکێتی لەگەڵ یەکتر و گفتوگۆی ڕاشکاوانە بکرێت، ئەم گفتوگۆیانە کرداری لێبکەوێتەوە کە بێ گومان بەو شێوەیە مامەڵەکردنە لە ناوخۆی خۆماندا هیوای چارەسەری گرفتەکان زیاترە، تا لایەنێک لە دەرەوەی یەکێتی دەستتێوەردان بکات".

ڕەزگەیی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەشی بەوە کرد، هەر قسەیەک لە پێناو تەبایی یەکێتیدا بکرێت، ئەوان بەرزی دەنرخێنن، بەڵام: “دەبێت یەکێتییەکان خۆیان لەناو خۆیاندا ڕێک بکەون”.

ئەمە لە کاتێکدایە میدیاکانی سلێمانی بڵاویان کردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی شاندێكی بزووتنەوەكەوە، دەست بە ناوبژیوانی لەنێوان باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی دەکات، ئەوەش لەسەر پێشنیازێكی نەوشیروان مستەفای ڕێكخەری گشتیی گۆڕان.







باسنیوز
Top