لە سعودیە دان بە دەوڵەتی کوردستان دەنرێت وبە جیاش سەیری حاجییانی کوردستان و عێراق دەکات

 لە سعودیە دان بە دەوڵەتی کوردستان دەنرێت وبە جیاش سەیری حاجییانی کوردستان و عێراق دەکات
لە مەراسیمێکی ئایینیی لە مزگەوتێکی سعودیە، دان بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان دەنرێت.



کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە لە مەراسیمێکی ئایینیی لە مزگەوتی هەیا عەساف لە گەڕەکی جومەیرە لە شاری مەککە، بە ناوی ”حاجییانی دەوڵەتی کوردستان“ـەوە پێشوازی لە حاجییانی کورد کراوە.



ئەم هەنگاوە لە سعودیە لا کاتێکدایە، کە هەفتەی رابردوو مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سعودیە چاودێرییەکی توندی حاجییانی عێراقی (جگە لە حاجییانی کورد) دەکەن، بە تایبەت حاجییانی شیعەمەزهەب و بەرز کردنەوەی ئاڵای عێراقییان لە کاتی ئەنجام دانی مەراسیمەکانی حەج، قەدەغە کردووە.



بەپێی زانیاریی حاجییانی کورد، دەسەڵاتدارانی سعودیە بەشێوەیەکی زۆر نەرم و دۆستانە مامەڵە لەگەڵ حاجییانی کورد لە سعودیە دەکەن و بە هەموو شێوەیەک هاوکارییان دەکەن.



سعودیە بە پێچەوانەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و هەردوو شا عەبدوڵلا بن عەبدولعەزیز، شای پێشوو و شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای ئێستا بە ڕێوڕەسمی شاهانە پێشوازییان لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە و جەختیان لە دۆستایەتیی گەلی کورد کردووەتەوە.






باسنیوز
Top