سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوو كرد
ڕۆژی چوارشەممە 31ـی 8ـی 2016 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوو كرا.
هەر لەم پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكوەزیرانی عێراقی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی نێچیروان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كراوە و هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی دەربارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكان و هیوای خواست پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت.
لەبەرانبەریشدا سەرۆك وەزیرانی عێراقی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی شاندی هەرێم و ئەنجامی كۆبوونەوەكان بە تایبەت لەبارەی نەوت و ئامادەكاری بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ دەربڕی و ئەنجامەكانی كۆبوونەوەكانیشی بەرز نرخاند.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگی و ڕاوێژی نێوانیان كردەوە.
KDP-
