راوێژكارێكی عه‌بادی باس له ورده‌كاری رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات
مه‌زهه‌ر ساڵح، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، حه‌یده‌ری عه‌بادی و نێچیرڤان بارزانی، له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون، رۆژانه 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركووك هه‌نارده بكرێت، ئه‌ویش له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی باباگوڕگوڕ و خه‌باز ده‌بێت.
هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ش، له رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جیهانی توركیا ده‌كرێت.
راوێژكاره‌كه‌ی عه‌بادی باس له‌وه‌ش ده‌كات، داهاتی نه‌وته‌كه به گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق دابه‌ش ده‌كرێت و بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی كه‌ركووك، 50 به 50 دابه‌ش ده‌كرێت.
مه‌زهه‌ر ساڵح ئاشكراشی ده‌كات، ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه، كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خه‌رجییه‌كانی پێشمه‌رگه و ته‌واوی ئه‌و هێزه سه‌ربازییانه دابین ده‌كات، كه له كه‌ركووك هه‌ن و حكوومه‌تی به‌غداش، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سه‌رجه‌م داموده‌زگا حكوومییه‌كانی كه‌ركووك، له نیوه‌ی ئه‌و داهاته‌ی نه‌وتی كه‌ركووك دابین ده‌كات، كه پشكی به‌غدا 75 هه‌زار به‌رمیله رۆژانه.
مه‌زهه‌ر ساڵح گوتیشی: "سه‌ركه‌وتنی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له باره‌ی نه‌وتی كه‌ركووك، پێشه‌كییه‌كی باش ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی نه‌وتی نێوان هه‌ردوولا، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان به‌رده‌وام بن".
K24 -
