سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: کۆسرەت ڕەسول و بەرهەم ساڵح بێ هەڵبژاردن کرانە جێگری تاڵەبانی
ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی ئیلاف، کە رۆژی یەکشەممە 4ـی ئەیلوولی 2016 بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاندووە، کە ناوەندی بڕیاری یەکێتی ”لە دژی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نییە“، بەڵکو کێشەی بوونی بیروڕای جیاوازە لە ناو حزبەکە.
ئاڵا تاڵەبانی پێیوایە کێشەی ناوەندی بڕیار و ”زۆرینەی“ مەکتەبی سیاسی ”بەڕێوەبردنی یەکێتییە“ و بەرەی ”ناوەندی بریار“ دەیەوێ کێشەکە وەک ئەوە نیشان بدا، کە ئەوان کێشەیان لەگەڵ هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هاوسەری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی هەیە.
ئاڵا تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بە هەڵبژاردن لەلایەن سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتییەوە نەبوونەتە جێگری سکرتێری گشتی، بەڵکو ”تاڵەبانی داوای لە ئێمە کرد رازی بین بە دانانیان وەک جێگر بۆ خۆی“، بۆیە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، ”ناتوانن بڵێن ئێمە خاوەن بڕیاری یەکێتین“.
تاڵەبانی هەروەها رایگەیاندووە، ئەندامانی سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە هەڵبژێردراون، ”خاوەنی بڕیاری یەکێتین“ و باس لەوەش دەکات، کە هیچ لایەک ناتوانێ بە ناوی ئەندامانی حزب و سەرکردایەتیی یەکێتییەوە قسە بکات.
رۆژی هەینی 2ـی ئەیلوولی 2016، سەروەر عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند، ”مام جەلال هەڵبژاردنی بۆ نەکرا، بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا و لەگەڵ هەڵبژاردنی چەپڵەی بۆ لێدرا“.
سەروەر عەبدولرەحمان باس لەوەش دەکات، کە سەرکردەکانی لایەنی بەرامبەری ناوەندی بڕیار بۆ چەواشە کردن دەڵێن کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بە هەڵبژاردن نەبوون بە جێگری تاڵەبانی، ”ئەگەر وابێت، قسەکە بۆ مام جەلالیش دەبێت“.
ئەو قسانەی ئاڵا تاڵەبانی لەکاتێکدایە، کە کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵی 1975ـەوە دەستی بە چالاکی لە ریزی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کردووە و دواتریش بووەتە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی لە سەردەمی شۆڕشی گەلی کورد دژ بە رژێمی بەعس. هەروەها پێش ئەوەی بکرێتە جێگری یەکەمی تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە بووە.
شەوی پێنجشەممە 1ـی ئەیلوولی 2016، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح و ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی و سیاسیی یەکێتی، ناوەندی بڕیاردانی یەکێتییان راگەیاند.
هەریەک لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە و مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی، لەگەڵ هەریەک لە حاکم قادر، حامید حاجی غالی، شاڵاو عەلی عەسکەری، عەدنانی حەمەی مینا و چەندین سەرکردەی سەربازیی دیکە پشتگیریی خۆیان بۆ ناوەندی بڕیار راگەیاندووە.
باسنیوز
