کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: بەهۆی ململانێی سەرکردەکان کێشە لە ئیدارەی میدیاکانی یەکێتیدا هەیە

 کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: بەهۆی ململانێی سەرکردەکان کێشە لە ئیدارەی میدیاکانی یەکێتیدا هەیە
ئەندامێکی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، جۆرێک لە قۆرخکاری لەنێو ڕاگەیاندنی یەکێتیدا هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4\9\2016، سلێمان عەبدوڵا یونس، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: “لە بەیاننامەکەی ناوەندی بڕیار ئەوە هاتووە کە میدیای یەکێتی یەکێکە لە کێشەکان”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە میدیای یەکێتی کۆمەڵێک گرفتی هەیە و بە گوتەی ئەو، یەکێک لە گرفتەکانی، “لایەنگیرییە”.

کادیرە پێشکەوتووەکەی یەکێتی لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “میدیای یەکێتی بە دەست کۆمەڵێک کێشەی خراپ ئیدارەدانەوە دەناڵێنێت، کێشە لە سیاسەتی ئیدارەی ڕاگەیاندنی یەکێتیدا هەیە کە ئەوەش بەهۆی ململانێی سەرکردە سیاسییەکانەوەیە، نەک کادیر و میدیاکارانی یەکێتی". ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”جۆرێک لە قۆرخکاری لە ڕاگەیاندنی یەکێتیدا هەیە”.

ئەم قسانەی سلێمان عەبدوڵا یونس لە کاتێک دایە کە دوای ڕاگەیاندراوەکەی کۆتایی هەفتەی ڕابردووی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، میدیاکانی یەکێتی، تەنیا بایەخیان بە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوە کە خۆیان بە باڵی (زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی) وەسف کردووە و لە لایەن ناوەندی بڕیارەوە بە (باڵی قۆرخکار) ناویان دەهێندرێت.









باسنیوز
Top