بەرپرسێکی پارتی لە هەڵەبجە لەسەر چوونی فەتلاوی داوای ڕوونکردنەوە دەکات
حەنان فەلاوی، ژنە سەرکردەی نزیک لە نووری مالیکی و یەکێک لە دیارترین ئەو پەرلەمانتارە عێراقییانەی کە بە ئاشکرا دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، بە نهێنی سەردانی شاری هەڵەبجەی کردووە و لە لایەن مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە پێشوازی لێ کراوە. لەمبارەیەوە فاروق عەبدولکەریم، کارگێڕی لقی هەڵەبجەی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “فەتلاوی کەسێکی باوەڕپێکراوی نزیکی نووری مالیکییە، بۆیە لەوە دەچێت نوێنەری تایبەتیی مالیکی بێت و پەیامی دەوڵەتی یاسا بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی بگەیەنێت”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “دەبێت لایەنە سیاسییەکانی سنووری هەڵەبجە ڕوونکردنەوەی فەرمی بدەن، ئەگەر بۆ سەردانی دۆستایەتیی کەسی هاتووە یان بۆ سەردانێکی فەرمی بووە، دەبێت ڕوونکردنەوە بدەن کە بۆچی هاتووە؟ ئامانج لە سەردانەکەی چییە؟".
بەرپرسەکەی پارتی لە هەڵەبجە جەختی لەوە کردەوە کە هەمووان فەتلاوی دەناسن کە کەسێکی “گوماناویی توندڕەوی شیعە”یە و باوەڕی بە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە. گوتیشی: “فەتلاوی کەسێکی جنێفرۆش و هێرشبەرە بۆ سەر کوردستان، هاتنی لەژێر پرسیار دایە”.
باسنيوز
