ڕاگیراوێک: سێ ساڵە لە زیندانم بێ ئەوەی دۆسیەکەم یەکلابکرێتەوە
راگیراوێک لە پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی باس لەوە دەکات ماوەی سێ ساڵە راگیراوە بەبێ ئەوەی دۆسیەکەی یەکلایی بوبێتەوە، هەروەها دەڵێت، راگیراویان لەگەڵدایە هەشت ساڵە لەو گرتوخانەیەدایە و تائێستاش دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.
پۆلیسى سلێمانى هۆکارى یەکلانەکردنەوەى دۆسیەى ئەو ڕاگیراوانەى تائێستا ئازاد نەکراون بۆ دادوەر دەگێڕێتەوە و دەشڵێت هەندێکجار لەبەرئەوەى تۆمەتبارى سەرەکى ڕووداوەکان دەستگیرناکرێت دادوەر ناچاردەبێت ڕاگرتنى ئەو کەسانە درێژ بکاتەوە.
بەدواداچونەکانی دەستەی سەربەخۆیى مافی مرۆڤی هەرێمیش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژمارەیەک راگیراو لە گرتوخانەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر هێڵراونەتەوە بەبی ئەوەی دۆسیەکانیان یەکلایی کرابێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ دا ٣٠٩ حاڵەتی کەمتەرخەمی و گوێ پێنەدان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا تۆمار کراوە و٧٣ حاڵەتی مانەوەی تۆمەتباران بۆ ماوەی دوورودرێژ بە راگیراویی هەبووە.
لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە پەرلەمانی کوردستان یاسای قەرەبوکردنەوەی راگیراوانی بێ پاساویی دەرکردووە بۆ ئەو کەسانەی کە بەبێ پاساو دەستگیر دەکرێن، بەڵام تا ئێستا کار بەو یاسایە نەکراوە.
NRT -
