ساڵێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنەدا تێپەڕى کە بووە سونبولی نەهامەتی پەنابەران

ساڵێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنەدا تێپەڕى کە بووە سونبولی نەهامەتی پەنابەران
لاشەی ئالان کە هێشتا بە هارى سێیەمى تەمەنى تەواو نەکردبوو، شێوازى کەوتنى لە کەنار دەریا جیهانى تووشى شۆک کرد.

ساڵێک بەر لە ئێستا دیمەنەکانى کەنارى دەریای ئیجە بووە هەواڵێکى گەرمى میدیا جیهانییەکان و چیرۆکى مردنى ئالانیش بووە سونبولێک بۆ خستەڕووی نەهامەتیی پەنابەران و منداڵانی سوریا بە تایبەتی.

دواى دوو ڕۆژ لە گیانلەدەستدانیان، تەرمى ئالان و غالبى براى و ڕەحابى دایکیان گەڕێنراوە بۆ زێدى خۆیان و لە شارى کۆبانێى ڕۆژئاواى کوردستان بەخاکسپێدران، عەبدوڵا کوردى باوکیشیان بە تەنها مایەوە.

زۆرێک لەو منداڵانەى کە لە گەڵ کەسوکاریاندا ڕێگەى کۆچیان بەرەو ئەوروپا گرتە بەر و بڕیاریاندا ئاگرى دۆزەخى سوریا جێبهێڵن وەک ئالان لە دەریادا خنکان، زۆرێک لەو منداڵانەش کە هێشتا لەو وڵاتەدا ماونەتەوە چانسیان لە ئالان باشترنیە و بەهۆی شەڕو بۆردمانەکانەوە دەبنە قوربانی.

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ ەوە تا ئێستا، نزیکەی ٦ هەزار و ٩٠٠ کەس لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون و کە بەشێکی زۆریان منداڵن و بە ناچاریی لەگەڵ کەسوکاریاندا ئەو ڕێگە مەترسیدارەیان گرتووەتەوەبەر.

هێشتا بارودۆخی پەنابەران و کۆچبەرە نایاسایییەکان وەک خۆیەتی و بە وتەی کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران ڕۆژانە بەتێکڕیی ١١ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا دەخنکێن.

عەبدوڵا کوردی باوکى ئالان دواى ساڵێک لە ڕووداوەکە ڕەخنەی لە سیاسەتمەدارانی ئەوروپا گرت کە بەرامبەر بە قەیرانی کۆچبەران خەمساردن و بەدەم داواکارییەکانیانەوە ناچن.

لەناوەڕاستی مانگی ئابی ڕابرووشدا بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ لە سوریا بە ناوی عیمران، کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیادا هێناو بەهەمان شێوە وەک سونبولێک بۆ نەهەماتییەکانی منداڵانی سوریا ناوبانگی دەرکرد.

منداڵان بە دەر لە خواست و ئارەزووى خۆیان دەبنە سووتەمەنى جەنگ یان دۆخى ناهەموارى وڵاتەکانیان، دەرکەوتنیشیان بە شێوەیەکى کارەساتبار بە خنکاوی یان برینداریی یان بە داماویی هەستی جیهان دەوروژێنن.

بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆ دڵتەزێنەکانی ئالان و عیمران و هاوشێوەکانیان، ئەگەرچی لەسەرەتادا جیهان تووشی شۆک دەکەن و هەست و سۆزى مرۆڤایەتى بەلاى خۆیاندا ڕادەکێشن، بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ بەدیناکرێت بۆ ڕێگرتن لە و هۆکارانەی کە وادەکەن منداڵانی بێتاوان ببنە قوربانی.

پەنابەران کاتێک ڕێگەی هات و نەهات دەگرنەبەر هیوای گەورەیان گەیشتنە بە ژیانێکی نوێ و ئارام، بەڵام زۆر جار کەشتیەکان بە خواستی کۆچبەران دەریاکان نابڕن و کۆتاییەکەی نقومبوون و مەرگی سەرنشینەکانی دەبێت لە ئاوی دەریاکاندا.
NRT -
Top