بەشێک لە مامۆستایانى پەیمانگاى زانستە ئیسلامییەکان تاقیکردنەوەکانى خولى دووەمیان بایکۆتکرد
ئەو مامۆستایانە دەڵێن ئەگەر شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و ستافی ئیدارە و کرێی وانە بێژییان بۆ خەرج نەکرێت لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبن.
مامۆستایانی وانەبێژى پەیمانگای زانستە ئیسلامیەکان دەڵێن ماوەى ساڵیکە ھیچ موچەیەکیان وەرنەگرتوە، لە ناوەراستی مانگی تەموزیشدا بەنوسراوی ژمارە ١٩١ وەزارەتی خوێندنی باڵایان ئاگادارکردووەتەوە و یەکى ئەیلولیان وەک دوا مۆڵەت بۆ جێبەجێکردنى داواکانیان دەستنیشانکردبوو.
دەشڵێن بێدەنگی وەزارەت وایکردوە بڕیاری بایکۆتکردنى تاقیکردنەوەکان بدەن لەو هەڵویستەشیاندا بەشێک لەخوێندکاران پشتگیرییان لێدەکەن.
بڕیاربوو ٣ی ئەیلول کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ یەکەم تاقیکردنەوەی خولی دووەم لەپەیمانگای زانستە ئیسلامیەکان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەھۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە تاقیکردنەوەکە نەکرا.
بەشێکى دیکە لە خوێندکارانى پەیمانگاکە لەو هەڵویستەى مامۆستاکانیان نیگەران بوون و داوایانلێکردن ناڕەزاییەکانیان نەخەنە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بۆ ئەوەی خوێندنی ساڵێکیان نەفەوتێت.
لەرابردودا وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا پەیمانگای زانستە ئیسلامیەکان دابخات و بۆ ساڵى نوێى خوێندن خوێندکارى نوێ وەرنەگرن، ئێستاش چارەنوسى پرۆسەى خوێندن لەو پەیمانگایانەدا دیار نییە.
NRT -
