فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا: 130 واژۆ لەبەرژەوەندی زێباری كۆدەكەینەوە
رێناس جانۆ، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیای رووداوی رایگەیاند " لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ هەریەك لە سەلیم جبووری، ئەیاد عەللاوی، ساڵح موتڵەگ و رەوتی سەدر كۆبووینەوە، بەمەبەستی پووچەڵكردنەوەی پیلانی ئەو پەرلەمانتارانەی دەیانەوێ لەڕێگەی ئەو لێپرسینەوە سیاسییە متمانە لە وەزیری دارایی وەربگرنەوە".
رێناس جانۆ گوتیشی "داوامان لەو لایەنانە كردووە لە پرسی لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی، نەبنە لایەنگر، ئەوانیش بە رێزەوە سەیری رۆڵی كاك هۆشیار زێباری لە عێراق و حكومەت دەكەن و، بەڵێنیان پێداوین رۆڵی ئیجابی لەو نێوەندەدا دەبینن".
هەوڵەكەی پارتی گەیشتووەتە واژۆكردنەوە و وەك ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" 83 واژۆمان بۆ دووبارە دەنگدان لەسەر وەڵامەكانی وەزیری دارایی كۆكردووەتەوە، ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارانیش بەڵێنیان داوە واژۆی بكەن، پێشبینی دەكەم بگاتە 130 واژۆ، چونكە ئەو رۆژە كە دەنگدان لەسەر وەڵامەكانی زێباری كرا، كەشوهەوای نێو پەرلەمان تەندروست نەبوو، هەروەها داواكاری دووەمیشمان ئەوەیە دەنگدان بە ئاشكرا بێت".
جانۆ لێپرسینەوەكە لە هۆشیار زێباری بە لێدانی كەسی و ئامانجی سیاسی وەسف دەكات و دەڵێ:" لێپرسنەوەكە و پرسیارەكان پیشەیی نەبوون".
لە دانیشتنی رۆژی 25-8-2016 ی پەرلەمانی عێراق، لێپرسینەوە لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق كرا، كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستەكەی وەرگرتووە و هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەشە، لە دانیشتنەكەدا 12 پرسیار ئاراستەی زێباری كران.
لە دانیشتنەكەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان وەڵامەکانی زێباری رەتکرانەوە، بەهۆیەوە شەڕ لەنێوان هەریەك لە شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی و هەیسەم جبووری، سەرۆكی فراكسیۆنی كەفائات دروستبوو، دوای نیو كاژێریش جارێكی دیكە شەڕ لەنێوان ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی و عەواتف نیعمە، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دروستبوو.
رووداو-
