"لادانی زێباری لە پۆستەکەیدا پچرانی پێوەندی شەقامی هەولێر و بەغدای لێ دەکەوێتەوە"

پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێ، لادانی هۆشیار زێباری لە وەزیری دارایی، کاردانەوەی دەبێ و، پێدەچێ پچرانی پێوەندی یەکجارەکی لە نێوان شەقامی هەولێر و بەغدای لێ بکەوێتەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (بەنگین مزووری) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، نهێنییەک ئاشکرا دەکات و دەڵێ، کەسێک بەناوی (حەمەد موسەوی) بەمدوایانە شەش ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناری بردووە و وەزیری داراییش دەیویست ئەم دۆسییە ئاشکرا بکات، بۆیە لێی کەوتوونەتە رق و دەیانەوێ متمانەی لێ وەربگرنەوە.

بەنگین ئەوەیش دەخاتەڕوو، بانگهێشتی هۆشیار زێباری بۆ پەرلەمان مەبەستێکی دیکەی سیاسیشی لە پشتبوو، چونکە ئەو وەڵامانەی کە کاک هۆشیار دایتییەوە هیچ شتێکی وای تێدانەبوو کە ئەو هەلایەی لەسەر دروست بکەن.

هۆشداریشی دا، ئەگەر بێت و وەزیری دارایی لەسەر کارلابدرێ، ئەوا پێدەچێ کە دوورکەوتنەوەی یەکجارەکی و پچرانی پێوەندی نێوان شەقامی هەولێر و بەغدای لێ بکەوێتەوە، چونکە هەمووان دەزانن کە قورسایی پارتی چەندە و، ئێ خۆ کاک هۆشیاریش سەرکردەیەکی پارتییە لە بەغدا و، نوێنەرایتی کورد دەکات بۆیە لادانی هۆشیار زێباری کاردانەوەی دەبێ.
KDP-
Top