كۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح دەست بەچالاكی دووقۆڵی دەكەن

كۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح دەست بەچالاكی دووقۆڵی دەكەن
گوتەبێژی جێگری سکرتێری گشتیی یەكێتی رایگەیاند جێگرانی سکرتێری گشتی گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر رەت ناکەنەوە و پەرە بەچالاکی خۆیان دەدەن و دەیانەوێ دەسڵاتی خۆیان لەڕێی لایەنگرەکانییان پیشان بدەن..

دوای گەورەبوون و قوڵبوونەوەی زیاتری کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و راگەیاندنی بەرەیەکی نوێ لەناو حزبەکەدا لەلایەن جێگرانی سکرتێری گشتی حزبەکە بەناوی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، ھەوڵی لایەنەکان لە دەرەوە و ناوەوەی ھەرێم بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوخۆی حزبەكە دەستی پێکردووە.

هەر ئەمڕۆ شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ناوەندی بڕیاری یەکێتی (کۆسرەت رەسول و بەرھەم ساڵح) و لایەنی بەرامبەر (ھێرۆ برایم) گەیشتە سلێمانی، بەڵام بەرپرسانی ھەردوولا ئامادەنین لەسەر ھاتنی ئەو شاندە قسە بکەن.

لەلایەکی دیكەوە بەرەی ناوەندی بڕیار دەستیان بەکۆبوونەوە و دیداری چین و توێژە جیاوازەکان کردووە و ئەمڕۆش پێکەوە چوونەتە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان لە سلێمانی.

توانا ئەحمەد راوێژکاری راگەیاندنی بەرھەم ئەحمەد ساڵح، لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی لایەنی بەرامبەرەوە بە(ئاژانسی ئانادۆڵو)ی توركی گوتووە "ھیچ کۆبوونەوە و دیدارێکی لایەنی بەرامبەر رەت ناکرێتەوە، بەڵام دەبێ دانیشتن لەسەر چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی بێت بە شێوەی جیدی بۆ ئەوەی کارنامە و بەرنامەی کاری جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان چارەسەر بکرێت".

شەوی پێنجشەممەی رابردوو جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (کۆسرەت رەسول عەلی و بەرھەم ئەحمەد ساڵح) و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و مەکتەب و ناوەندەکانی تری حزبەکە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردنەوە و دروستکردنی بەرەیەکی ھاوبەش لەژێر ناوی ناوەندی بڕِیاریان راگەیاند، ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەش دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی باڵی دەستڕۆشتووی حزبەکە ( ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد) بوو.




باسنیوز
Top