"پەکەکە لەژێر کاریگەریی ئێران پشتیوانی لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکات"

لایەنگرانی سەر بە پەکەکە هێرش دەکەنە سەر ناوەندی بڕیاری یەکێتی، چونکە پەکەکە لە ڕێگای میدیا فەرمی و نافەرمییەکانیەوە، بە ناوی شرۆڤەکردنی سیاسییەوە، دژایەتیی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن و پێیانوایە ناشەرعییە.

بە گوێرەی بەدواداچوونێک بۆ میدیا فەرمی و نافەرمییەکانی سەر بە پەکەکە، لەم دوو ڕۆژەدا بە گشتی، میدیاکانی سەر بەو پارتە، لەژێر ناوی شرۆڤەکردنی ڕووداوەکانی نێوخۆی یەکێتی، بە ئاشکرا دژایەتیی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن کە لە لایەن هەردوو جێگری سکرتێری گشتی و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایانگەیاندووە. تەنانەت میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، تۆمەتی جۆراوجۆر ئاراستەی سەرکردەکانی ناوەندی بڕیار دەکەن. لە بەرامبەردا پشتیوانی لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکەن و بە خاوەن شەرعیەتیان دەزانن.

لەمبارەیەوە چاودێرێکی سیاسیی شارەزا لە کاروباری پەکەکە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند: ”پەیوەندیی نێوان پەکەکە و بنەماڵەی تاڵەبانی، بە تایبەتیش پەیوەندیی خودی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی پەکەکە لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی، پەیوەندییەکی پتەوە“. هاوکات ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە نێو یەکێتیدا، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد زۆرتر لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نزیکە و گوتی: ”پەکەکە و بزووتنەوەی گۆڕان و باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، زۆر لە ئێرانەوە نزیکن، لە کاتێکدا سەرکردەکانی ناوەندی بڕیار، سەرەڕای ئەوەی بە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران ڕازین، بەڵام لەگەڵ خواستە نەتەوەییەکانی کوردن“.

پەکەکە لە کاتێکدا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە شەرعی دەزانێت کە پێشتر د. سەروەر عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی ڕایگەیاندووە: ”بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی سکرتێری گشتی، ڕاستەوخۆ دەسەڵاتەکانی بۆ جێگرانی دەگوازرێتەوە، بەڵام دەسەڵات بە جێگرانی سکرتێری گشتی نەدراوە و ڕێگرییان لێ کراوە، بۆیە ناوەندی بڕیاریان دامەزراندووە“.




باسنیوز
Top