ناوەندی بڕیار هەوڵی دیاریکردنی کەسێک وەک گوتەبێژی یەکێتی دەدات
ئەمڕۆ شەممە 3\9\2016، محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی یەکێتی، ڕایگەیاند: “ئێمە وەکوو کادیر و پەرلەمانتارانی یەکێتی، پشتیوانی و پشتگیری لە کاندیدێک دەکەین کە وەک گوتەبێژی یەکێتی دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی لە ڕێگای کەسێکەوە بگەیەندرێت یان قسەی لەسەر بکرێت”. جەختیشی لەوە کردەوە: "بە دانانی گوتەبێژی یەکێتی، گوتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک دەبێتەوە و بە یەک ئاراستە دەڕوات".
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند، ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەوڵدایە، کەسێک وەک گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی دەستنیشان بکات.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد: “بۆ گوتەبێژی فەرمی، دوو کەس پێشنیاز کراون، یەکێکیان شاڵاوی عەلی عەسکەرییە کە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە، دووەمیشیان ڕزگار عەلی، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتییە، بەڵام هێشتا ئەو بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە”.
هەر لەمبارەیەوە سلێمان عەبدوڵا یونس، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی کە پێشتر بۆ ماوەیەکی زۆر لە مەکتەبی ڕاگەیاندنی ئەو حزبەدا کاری کردووە، ڕایگەیاند: “ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناوەندێکی ڕاگەیاندنی دروست کردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکم سەبارەت بە ئەگەری دیاریکردنی گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی لە لایەن ناوەندی بڕیارەوە نییە”.
باسنیوز
