کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: یەکێتی پێداچوونەوە بە سەرجەم ئۆرگانەکانی دەکات

 کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: یەکێتی پێداچوونەوە بە سەرجەم ئۆرگانەکانی دەکات
کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کوردستان، ئاماژە بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی دەکات و دەڵێت: "دەبێت ئەو هەڵاوسانەی ئێستا لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتی هەیە، چارەسەر بکرێت، ئەویش بە بەستنی کۆنگرە".

دەلیل جەمال، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئاراستە و بیر و بۆچوونی جیاواز لەناو یەکێتی بووەتە کلتور و نەریت، من پێم وایە ئەگەر بێت و ئەم ململانێ و ئاراستە جیاوازانە لە یەکێتی بکەیتەوە، دەبێتە حزبێکی جیاواز، نابێتە یەکێتی، ئەمەش لەناو یەکێتی هەیە جێگای دڵخۆشییە، پێی سەربەزم، دواجار یەکێتی، دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی، بڕیار و شەرعیەتی حزب لاوازە و بەپێی پێویست نییە، پەرتەوازەیی لە سەنتەری بڕیار لەناو یەکێتی بەدی دەکرێت، بەڵام ئەوەی کە هەیە بۆ لەناوبردنی یەکتری نییە، بۆ ئەوەیە یەکێتی سیاسەتی ڕوونی هەبێت، بڕیارێکی حەکیمانە هەبێت بۆ سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەناو یەکێتی هەیە”.

بە گوتەی کادیرەکەی یەکێتی، ئێستا دۆخەکە هێوربووەتەوە، پێشبینی باش دەکەن کە ناوەندی بڕیار ببێتە ناوەندێک بۆ ئەوەی یەکێتییەکان لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییەوە بڕیار بدەن. دەشڵێت: “پێم وایە، دانیشتن لەناو هەردوو ئاراستەکە دەکرێت، بۆ دواجار کۆمەڵێک خاڵ دەبێتە ڕێککەوتنی هەردوو ئاراستەکە و ئەو خاڵانەش لە ئەرزی واقیعدا جێگای دەبێتەوە".

دەلیل جەمال لە لێدوانەکەیدا ئەوەی ئاشکرا کرد: “یەکێتی پێداچوونەوە بە ئۆرگانەکانیدا دەکات، خۆتان دەزانن کادیر و ئەندامانی یەکێتی کە لەناو ئۆرگانەکان کار دەکەن، بە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و هەردوو جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتییەوە، لە کۆنگرە شەرعیەتیان وەرگرتووە، کۆنگرە هەندێک شت یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام تا یەکێتی کۆنگرە دەبەستێت، دەبێت هەندێک گۆڕانکاری بکرێت، هەندێک خاڵ دەبێت لەسەری ڕێککەون، چونکە هەندێک بابەت کۆنگرە یەکلایی دەکاتەوە، نەک بە دانیشتن و ڕێککەوتن، بۆیە هەندێک بابەت هەڵدەگیرێت تا کۆنگرە”.

کادیرە پێشکەوتووەکەی یەکێتی باسیشی لەوە کرد: “ئێستا هەموو یەکێتییەکان کۆکن بۆ ئەوەی یەکێتی بڕیاری بۆ بگەڕێتەوە، سیاسەتی ڕوون بێت، ئیدارەی ڕوون بێت، دارایی و ئیدارەی کارگێڕی ڕوون بێت، دواجار کەس پەراوێز نەخرێت”. گوتیشی: “هەڵاوسانی کادیر لەناو ئۆرگانەکانی حزب هەیە، ئەم هەڵاوسانە چۆنە، مەڵبەندێک پێویستی بە 10 کارگێڕ بێت، کاتێک 20 کارگێڕت دانا، ئەمە هەڵاوسانە، ناهاوسەنگی لە دابەشکردنی کادیر هەیە، لە ناو ئۆرگانەکاندا هەندێک ئەرکی نییە، هەندێک ئەرکی زۆرە، بۆ ئەوەی ئەمە چاک بکرێت، دەبێت پێداچوونەوە بە سەرجەم ئۆرگانەکاندا بکرێت، ڕاستە هەندێکیان بە دەنگی کۆنگرە لە مەڵبەندەکان دانراون، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی کۆنگرە و هەندێک کادیر لەبەر خەبات و تێکۆشان، یان لە حزبەکانی دیکەوە دێنەوە ناو یەکێتی، وای کردووە کە بەشێک ناهاوسنگی دروست بکات، بۆیە ئێستا ئەوە بووەتە گرفتی گەورە و بۆ کۆنگرەش گرفتێکی گەورە دەبێت".











باسنیوز
Top