حكوومەتی هەرێم بۆ پاراستنی یەكپارچەیی كوردستان و زەمانەتی داهاتی كەركووك ئەوكارەی كردووە

 حكوومەتی هەرێم بۆ پاراستنی یەكپارچەیی كوردستان و زەمانەتی داهاتی كەركووك ئەوكارەی كردووە
چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، ئەو رێككەوتنەی حكوومەتی هەرێم لەبارەی نەوتی كەركووكەوە لەگەڵ بەغدا كردوویەتی، لەبەر چەند هۆكارێك بووە، لەوانە بۆ ئەوەی یەكپارچەیی هەرێم پارێزراو بێت و دەروازەی كەركووكیش هەرێمی كوردستان بێت، كە بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستانە.

چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (د. عەبدولحەكیم خەسرۆ)، رایگەیاند: " رێككەوتنێ نێوان هەرێم و بەغدا، سنووردارە و تەنیا لەسەر نەوتی كەركووكە و داهاتەكەیشی هەر بۆ كەركووكە، ئەمەیش گرینگیی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی حكوومەتی ناوەند پابەند كرا بە كەركووك و، هەرێمیش دەبێتە دەروازەیەك بۆ كەركووك كە بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستان دەبێت".

(خەسرۆ) گوتیشی، رێككەوتن لەسەر نەوتی كەركووك و بوودجە نەكراوە، راستە لیژنەی تەكنیكی دروست كراون، بەڵام لەسەر ئەو لیژنەیانە دەمێنێتەوە تا چەند دەگەنە رێككەوتن، وەلێ رێككەوتنی كەركووك سەرەتایەكە بۆ ئەوەی لەبارەی هەموو پرسەكانەوە بگەنە رێككەوتن.

(عەبدولحەكیم خەسرۆ) راشیگەیاند ، پێشتر حكوومەتی ناوەند هەڕەشەی ئەوەی دەكرد كە نەوتی كەركووك لە رێگەی ئێرانەوە دەفرۆشێت، بەڵام هەر دەبێت لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بێت، بۆیە ئەوە بۆ ئەوان قورستر بوو لەبەر چاوی هەرێم نەوت بفرۆشن و هەرێم بێهەڵوێست بێت، جگە لەوەیش گەر لایەنێك لە هەرێم هاوكاری كردبان، ئەوكات دۆخی هەرێم زۆر خراپتر دەبوو لەوەی ئێستا هەیە.

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە ده‌شڵێت، حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی پاراستنی یەكپارچەیی كوردستان و زەمانەتی داهاتی كەركووك و هاوكات بۆ ئەوەی سەرەتایەك بێت بۆ رێككەوتنێكی سەرتاسەری لە نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوكارەی كردووە.











KDP
Top