سلێمان عەبدوڵا یونس: لای ناوەندی بڕیار مەکتەبی سیاسیی پێشووی یەکێتی نەماوە

سلێمان عەبدوڵا یونس: لای ناوەندی بڕیار مەکتەبی سیاسیی پێشووی یەکێتی نەماوە
ئەندامێکی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی کە پشتیوانی لە ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، ئاماژە بەوە دەکات، شەرعیەتی یەکێتی لای ئەوانە و هیچ کۆبوونەوەیەکی یەکێتیش بەبێ بەشداریی ناوەندی بڕیار، شەرعیەتی نییە.



ئەمڕۆ شەممە 3\9\2016، سلێمان عەبدوڵا یونس، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی و یەکێک لەوانەی پشتیوانی لە ناوەندی بڕیاری حزبەکەی دەکات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “یەکێک لەو ئۆرگانانەی پێمان وایە قۆرخکاری تێدایە، میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەر زوو یەکێک لە بڕیارەکانی ناوەندی بڕیار سەلمێنرا کە لەناو ڕاگەیاندنی یەکێتی پاوانخوازی و قۆرخکاری هەیە”.



ئەوەشی ئاشکرا کرد: "هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی ناو یەکێتی، هەوڵی گۆڕینی شێوازی بەڕێوەچوونی یەکێتی دەدەین، هەوڵی گۆڕینی شێوازی پەیوەندیی ناوەندی بڕیار و باڵەکەی دیکە دەدەین، لە ناوخۆی خۆماندا بە جیاکردنەوەی مینبەری جیاواز، باڵی شەرعی جیاوازە، هەر ڕێگایەک بۆ بەڕێوەچوونی شێوەی ئیدارەدانی یەکێتی پێویست بێت، هەوڵی بۆ دەدەین، بەمەش شەرعیەت بۆ یەکێتی لە ئاستی حکومڕانیی هاوسەنگ بۆ کوردستان دەگەڕێنینەوە".



سلێمان عەبدوڵا یونس لە لێدوانەکەیدا دووپاتیشی کردەوە: “ناوەندی بڕیار لە کار و بڕیار و شێوازی بەڕێوەبردنی یەکێتیدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت، لەمەودوا لە سەرانسەری ئۆرگانەکانی یەکێتی، ناوەندی بڕیاری یەکێتی خۆی بە خاوەن شەرعیەتی بڕیار دەزانێت، هیچ بڕیارێک لە دەرەوەی ئەوە شەرعی نییە". گوتیشی: ”لای ئێمە مەکتەبی سیاسیی پێشوو نەماوە، دوو مەکتەبی سیاسی هەیە، هیچ کۆبوونەوەیەک بەبێ ڕەزامەندیی ئێمە ناکرێت و هیچ بڕیارێک ناناسین، ئەگەر بە ڕەزامەندیی ئێمە نەبێت".







باسنيوز
Top