شاعیرێكی كورد لە ئاکرێ كۆچی دوایی كرد

شاعیرێكی كورد لە ئاکرێ كۆچی دوایی كرد
ئێوارەی دوێنی هەینی 2016_9_2، حیكمەت مەلا یاسین، شاعیری بەناوبانگی شاری ئاكرێ، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە تەمەنی 61 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.



بەپێی زانیارییەكانی ئەو شاعیرە چەند مانگێكە بەهۆی نەخۆشییەوە لەنێو جێگەدا كەوتبوو، هەروەها چەندین نەشتەرگەریشی بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام بەهۆی سەختی نەخۆشییەكەیەوە، نەیتوانی سوود دەرمان و چارەسەرییەكان وەربگرێت.



ئەو شاعیرە، دوو مانگ لەمەوبەر نەشتەرگەریی (فەقەرات)ـی لە نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر بۆ ئەنجام درا، هاوكات لەو ماوەیەدا رووبەڕووی نەخۆشیی شێرپەنجە بوویەوە و بە گوتەی پزیشكانی شاری هەولێریش، ڤایرۆسی نەخۆشییەكە بەسەرجەم لەشیدا بڵاو بووەتەوە، بۆیە نەتوانراوە كۆنترۆڵی نەخۆشییەكەی بكرێت.



حیكمەت مەلا یاسین، لە ساڵی 1955 لە شاری ئاكرێ لەدایك بووە و یەكێكە لە شاعیر و نووسەرە بەناوبانگ و بە ئەزموونەكانی ناوچەی بادینان، هەروەها چەندین شیعری لەلایەن هونەرمەندی كۆچكردوو (تەحسین تەها) كراوەتە گۆرانی، جگە لەوەش خاوەنی شیعری گۆرانی بەناوبانگی (دادێ ئەزێ دجەنگم)ـی هونەرمەندی كۆچكردوو (ئەردەوان زاخۆیی)ـیە.










باسنیوز
Top