فەرید زامدار: گۆڕان درزی لەنێو یەکێتیدا دروست کرد

فەرید زامدار: گۆڕان درزی لەنێو یەکێتیدا دروست کرد
ئەندامێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، ڕێککەوتنەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زیاتر درزی لەنێو یەکێتیدا دروست کردووە.



رۆژی هەینی 2\9\2016، فەرید زامدار، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”من ساڵانێکی زۆرە یەکێتیم، هەموو سەرکردەکانی یەکێتی یەک بە یەک، تا مام جەلال، هەموویان دەناسم، جۆری بیرکردنەوەشیان دەزانم، پێشتر دەمزانی شتێک لە دۆخی ناوخۆیی یەکێتی ڕوودەدات و لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، لە وتارێکمدا لە هەفتەنامەی (باس) پێشبینی ئەوەم کردبوو“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پێش ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی، ناتەبایی لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتیدا هەبووە، بە تایبەتیش لە دوای دانانی فواد مەعسووم بە سەرۆک کۆماری عێراق. لەمبارەیەشەوە گوتی: ”سێ بەشی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە دانانی د. فوئاد مەعسووم ڕازی نەبوون. ئەو کاتەش باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی ئەویان دانا و تائێستاش ئەو ڕۆڵە خراپەی باڵی دەستڕۆیشتوو هەر ماوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەم دواییانە دۆخی ناوخۆی یەکێتی خراپتر بووە، بە تایبەتیش دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان، لەمبارەیەشەوە ڕای گەیاند: ”هەوڵەکانی گۆڕان کە بەم شێوەیە هات و هەر لەسەرەتاوە ئەو ڕێککەوتننامەیەی لەگەڵ یەکێتی کرد، ئەو درزەی خستە ناو یەکێتی. جاران شتێک هەبوو، بەڵام بەو زەقییە نەبوو کە ئێستا هەیە“.



هەر لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز)، فەرید زامدار، سەبارەت بە باڵی قۆرخکار (وەک لە ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندی بڕیاردا هاتووە)، ئاماژەی بەوە کرد: ”باڵی دەستڕۆیشتوو لەناو یەکێتی زۆر کاری کردووە، بەڵام ئێستا باڵی دەستڕۆیشتوو نییە، چونکە ناوەندی بڕیار دامەزراوە و شەرعیەتی تەواوی هەیە“.



لە بارەی وەڵامەکەی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیش کە خۆیان بە زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێناسە کردووە، ئەندامەکەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی دووپاتی کردەوە: ”دەمزانی بەیاننامەیەکی بەم شێوەیە لە لایەن باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەردەکرێت، عەیبە ئەوان دەڵێن زۆرینەی مەکتەبی سیاسین، لە کاتێکدا زۆرینە نین، بۆیە پەیامەکەیان ڕوونە و دەیانەوێت ئەمجارە ململانێیەکی سیاسیی زۆر بەهێز بێننە ئاراوە، خەڵکی سوودمەند زیاتر لەنێو باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، ئەوان خەڵکیان کۆکردووەتەوە و بە پارە و ئۆتۆمبێل و ئیمتیازات خەڵکیان کڕیوە، بۆیە من چاوەڕێی شتی باش لە باڵەکەی هێرۆ خان ناکەم“.



لە کۆتاییشدا زامدار ئەوەی نەشاردەوە کە پێی وایە، خاوەنی ڕەسەنی یەکێتی، جێگرانی سکرتێری گشتی و سەرکردە و ئەو ئەندامانەی مەکتەب سیاسیی یەکێتین کە چوونەتە پاڵ ناوەندی بڕیار. دەشڵێت: ”ڕێزم بۆ باڵەکەی هێرۆ خان هەیە، بەڵام ئەگەر ناوەندی بڕیار نەبووایە، یەکێتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو هەڵدێر دەڕۆشت“.













باسنیوز
Top