ئاری هەرسین: ئێستا ئەرکی پارتی لە هەموو کاتێک قورسترە
ئاری هەرسین، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسی پێشووی لقی٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "لەم ساتەوەختەدا کە کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی بوونەتە مانشێتی هەواڵەکان، ئەرکی ئێمەی پارتی لە هەموکات قورسترە، چونکە یەکێتی هاوپەیمانی ستراتیژی و هاوبەشمانە لە حوکمڕانی وڵاتدا، یەکێتی خاوەنی مێژووی خەباتی پڕ سەروەری شۆڕشگێڕانەیە، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان بووەتە خاوەنی ئەو مێژووە".
ئاری هەرسین گوتیشی "بەپێویستی دەزانم خوشک و براکانمان لە ریزەکانی یەکێتی دڵنیابکەمەوە کە پارتی رۆڵی ئەرێنی لە گەڕان بە شوێن چارەسەردا دەبینێت، ئەگەر لێرەو لەوێش کەسێک لەژێر سێبەری پارتیدا قسەی نابەرپرسانە لەسەر ئەم کێشانەی یەکێتی بکات و، خۆشحاڵی خۆی دەرببڕێت، ئەوا بە لادان لە سیاسەتی پارتی لەسەری حیسابە و لە ماوەیەکی کورتدا خەڵکی کوردستان گوێبیستی بۆچوونی سەرکردایەتی پارتی دەبێت".
رووداو
