خۆپیشاندانی كۆبانێ 2 كوژراو و 90 برینداری لێكەوتەوە

خۆپیشاندانی كۆبانێ 2 كوژراو و 90 برینداری لێكەوتەوە
خۆپیشاندانی كۆبانێ دژی دانانی دیواری كۆنكریتی لەلایەن توركیا لەسەر سنووری باكوور و رۆژئاوای كوردستان، شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و سەربازانی توركیا لێكەوتەوە و بەهۆیەوە 2 هاونیشتمانی كورژران و زیاتر لە 90 ی دیكەش برینداربوون.

حكومه‌تی توركیا ماوه‌ی 4 رۆژه‌ به‌ به‌رزایی چوار مه‌تر و به ‌درێژایی سنووری شارەكانی كۆبانێ لە رۆژئاڤا و رووها له‌ باكووری كوردستان، سه‌رقاڵی دانانی دیواری كۆنكریتییە و رێوشوێنی ئه‌منی تووند گیراوه‌ته‌به‌ر، لەگەڵ دەستپێكردنی دانانی دیوارەكەش لە دیوی رۆژئاوای كوردستان ناڕەزایەتی دروستبووە و بەشێك لە خەڵكی كۆبانێ خۆپیشاندان دەكەن.

پاشنیوه‌ڕۆی هه‌ینی 02-09-2016 خەڵكی كۆبانێ بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی دژ به ‌دیواربه‌ندكردنی سنووری نێوان توركیا - سووریا، خۆپیشاندانیان فراوانتركرد، پاشان له‌ نزیك سنووردا شەڕ و تێهەڵچوون لەنێوان خۆپیشاندەران و سوپای توركیا دروستبوو، بەپێی سەرچاوەیەكی رووداو لە كۆبانێ، سوپای توركیا ته‌قه‌ی له‌ خۆپیشانده‌ران كردووە و ژمارەیەك خۆپیشاندەری كوشتوون و برینداری كردوون.

سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی كۆبانێ بە رووداوی گوت، بەهۆی دەستڕێژی گوللە ‌ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ بەناوی (بۆزان حەجی نازۆ) و هاونیشتمانییەكی دیكە بەناوی ئەحمەد جومعە ده‌ستبه‌جێ كوژراون زیاتر لە 90 خۆپیشاندەری دیكەش بە فیشەك و بەهۆی پێكدادان بە بەرد و دروستبوونی ئاڵۆزی برینداربوونە، برینی 3 لە بریندارەكانیش سەختە.
RUDAW -
Top