كارمەندانی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان هۆشدارییان دایە حکومەت
ئەو کارمەندانە دەڵێن بەراورد بە فەرمانگەکانى دیکەى حکومەت دەوامێکى زۆریان هەیە بەڵام مافێکى کەمیان پێدەدرێت، دەشڵێن بەهۆى کەمکردنەوەى نەسریەوە ناتوانن ئەو ئامێرانە چاک بکەنەوە کە لە کارکەوتوون.
٢٠٠ كارمەند لە هەردوو بەنداوەکەدا دەوام دەكەن، لە چەند مانگی رابردوودا چەند نوسراوێكیان بۆ سەرۆكایەتی حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە و داوایانکردووە ڕێژەى پاشەکەوتکردنى موچەکانیان بکرێتە لەسەدا ٣٠ و مانگانەش بڕى ١٥ ملیۆن دیناریان بۆ تەرخانبکرێت بۆ ئەوەى بتوانن ئامێرەکانى بەرهەمهێنانى وزەى کارەباى هەردوو بەنداوەکە نۆژەنبکەنەوە.
بەنداوی دەربەندیخان و دوكان زیاتر لە نیو سەدەیە دروستكراون و لە هەمان کاتیشدا وزەى کارەبایان تێدا بەرهەمدەهێنرێت.
لەهەردوو بەنداوەكەدا لە هەر كاتژمێرێكدا نزیكەی ٣٥٠ میگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێتو لە دە مانگی رابردوشدا تەنیا لەبەنداوی دەربەندیخان ٧٨٠ هەزار میگاوات كارەبا بەرهەمێنراوە.
وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بەنوسراوی فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ داواكاریەكانی فەرمانبەرانی هەردوو بەنداوەكە نیشانداوە و داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كردوە پێداچونەوە بە موچەكانیاندا بکات.
بەنداوی دوكان کە لەسەر زێی بچووك دروستكراوە توانای گلدانەوەی ٦ ملیار مەتر سێ جا ئاوی هەیە، بەنداوی دەربەندیخانیش کە لەسەر روباری سیروان دروستكراوە توانای گلدانەوەی نزیكەی ٦ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، هەردوو بەنداوەکەش دەکەونە سنورى پارێزگاى سلێمانییەوە.
NRT_
