بەوێنە.. سوپاى تورکیا لە کۆبانێ دوو هاوڵاتیى شەهیدکرد و ٩٩ هاوڵاتیى تریشی بریندارکرد
پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ئێوارەى ئەمڕۆ ٢ى ئەیلولی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، سوپاى تورکیا لەسەر سنوورى کۆبانێ و تورکیا هێرشى کردووەتە سەر هاووڵاتییە ناڕازییەکانى کۆبانێ و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتى بە گولـلەى هێزەکانى سوپاى تورکیا شەهیدبوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، نۆ هاووڵاتى تریش بە هۆى گولـلەى هێزەکانى سوپاى تورکیاوە برینداربوون و ٩٠ هاووڵاتیى تریش بەهۆى غازى فرمێکسڕێژەوە بریندار بوون و تووشى تەنگە نەفەسى بوون.
ئەوەشى خستەڕوو، تا ئێستا ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى هاووڵاتیانى کۆبانێ لە دژى سوپاى تورکیا لە سەر سنووری کۆبانێ لەگەڵ تورکیادا بەردەوامە و سوپاى تورکیاش بەردەوامە لە هێرشەکانى بۆ سەر هاووڵاتیانى کۆبانێ.
سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ یەپەگە ڕایگەیاندبوو "گەلەکەمان لەسەر سنوور ناڕزاییەتیان لە دژی سوپاى تورکیا نیشانداوە و سوپاى تورکیاش ڕاستەوخۆ هاووڵاتیانى کردووەتە ئامانج و هێرشى کردوونەتە سەر و لەو هێرشەى سوپاى تورکیادا گەنجێک شەهید بووە و ٥٠ هاووڵاتیى تریش بریندار بوون".
ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا و لە دواى هێرشەکەى لە ڕۆژى ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ بۆ سەر جەرابلوس، سوپاى تورکیا چووبووە دیوى سنوورى کۆبانێ و هەوڵێدابوو دیوارێکى کۆنکرێتى لە ناو خاکى کۆبانێدا دروست بکات، کە ئەوەش ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى هاووڵاتیانى لێکەوتەوە و تا ئێستاش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دژى ئەو هەوڵەى سوپاى تورکیا لە کۆبانێ بەردەوامە. سوپاى تورکیاش بە چەک و غازى فرمێسکڕێژ هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتیانى کۆبانێ.
NRT -
