هه‌ڵه‌بجه داوای شیرینیی نه‌وته‌كه‌ی ده‌كات
به‌پێی گرێبه‌ستێكی نێوان وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای غازپڕۆمی ڕووسی، ده‌بێ كۆمپانیای غازپڕۆم له‌به‌رامبه‌ر پشكنین و گه‌ڕان به‌دوای نه‌وتدا 80 ملیۆن دۆلار وه‌ك شیرنیی نه‌وت بدات به بلۆكی هه‌ڵه‌بجه، كه كاری تێدا ده‌كات.
مه‌نزه‌ر عه‌لی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ڕێكخراوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێ‌َ: "له‌و (80) ملیۆن دۆلاره، له قۆناغی یه‌كه‌مدا بڕی (30) ملیۆن دۆلار دراوه به وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان تا حسابی خیتامی ئه‌و بڕه‌یه بداته‌وه به كۆمپانیای غازپڕۆم و (50) ملیۆنه‌كه‌ی دیكه‌ش سه‌رف بكات، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه نه‌كراوه"
ئه‌گه‌رچی ڕێكخراوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه چاوه‌ڕێن ئه‌و بڕه بگه‌ڕێته‌وه شاره‌كه‌یان و بۆ پڕۆژه و خزمه‌تگوزارییه‌كان خه‌رج بكرێت، به‌ڵام وه‌ك خۆیان باسی ده‌كه‌ن له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا باس له‌وه كراوه كه ئه‌و بڕه پاره‌یه مافی سلێمانیشی له‌سه‌ره، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیی ئه‌وانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
مه‌نزه‌ر عه‌لی ده‌شڵێ: "نازانین ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له چ سۆنگه‌یه‌كه‌وه ئه‌و ته‌سریحه‌یان داوه؟ ئه‌گه‌ر وه‌ك پارێزگا سه‌یری هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ن چۆن ئه‌و حه‌قه به خۆیان ده‌ده‌ن چاو ببڕنه شارێكی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه؟ ئه‌گه‌ر ناتوانن سه‌رچاوه‌ی داهات و پڕۆژه‌كانی هه‌ڵه‌بجه بخه‌نه‌گه‌ڕ با به‌شه‌كه‌یشى نه‌خۆن".
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات: "به‌دواداچوون ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و پرسه و هۆشداریی توندیش ده‌ده‌ینه حكوومه‌ت و كۆمپانیای غازپڕۆم، چونكه ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بیانه‌وێت له بلۆكی هه‌ڵه‌بجه‌دا كاربكه‌ن له ئاینده‌دا به ئاسانی ناتوانن و ڕێگرییان لێ ده‌كه‌ین".
به‌ڵام عه‌لی عوسمان، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌ی ڕوون كرده‌وه و گوتی: "بلۆكی نه‌وتی هه‌ڵه‌بجه (5) به‌شه، (4) به‌شیان ده‌كه‌وێته سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و به‌شێكیشی ده‌كه‌وێته سنووری پارێزگای سلێمانی، كه له‌سه‌ر ئیداره‌ی گه‌رمیانه، بۆیه له‌و (30) ملیۆن دۆلاره‌ی قۆناغی یه‌كه‌م، هه‌ڵه‌بجه (24) ملیۆنی به‌رده‌كه‌وێت و (6) ملیۆنه‌كه‌ی تر به‌ر ئه‌و یه‌كه‌یه ده‌كه‌وێت كه سه‌ر به پارێزگای سلێمانییه".
جێگری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ڕه‌تی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و بڕه پاره‌یه وه‌رگیرابێ و گوتیشی: "ئه‌و بڕه پاره‌یه تا ئێستا وه‌رنه‌گیراوه و ته‌نیا ڕه‌قه‌مێكه و باس ده‌كرێت".
هاوكات خه‌دیجه عه‌بدولجه‌بار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "ئه‌و بڕه پاره‌یه دراوه به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه حكوومه‌ت خه‌رجی كردووه و ئێستا قه‌رزه له‌سه‌ر حكوومه‌ت."
گوتیشی: "هه‌تا ئه‌و پاره‌یه خه‌رج نه‌كرێت بۆ هه‌ڵه‌بجه كۆمپانیای غازپڕۆم ناتوانێ له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ست بكات به لێدانی بیری نه‌وت، چونكه پارێزگای هه‌ڵه‌بجه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ڕێگه‌ی پێ نه‌دات".
باسنيوز
