شاناز برایم ئەحمەد هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات

 شاناز برایم ئەحمەد هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات
لێپرسراوی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی "ناوەندی بڕیار"ی یەکێتی ئاشکرا دەکات.

پەیجەکانی نزیک لە شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، لێپرسراوی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکیان بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا شاناز ئیبراهیم رایگەیاندووە، ناوه‌ندەکە "بە مەبەستی ئیفلیج کردنی یەکێتیی راگەیەنرا".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کە خوشکی هێرۆ ئیبراهیمی هاوسەری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتییە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کۆی 55 ئەندام مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی، 17 ئەندام ئەم ناوەندەیان راگەیاندووە.

لێپرسراوی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی، ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتی ره‌تده‌كاتەوە و‌ پێیوایه‌، "ئەم ناوەندە زۆرینە نییە و هیچ شەرعیەتێکی نییە و نوێنەرایەتی یەکێتی ناکات".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، تاڵەبانی لە کوێ بێت، "ناوەندی بڕیار لەوێیە".

شەوی پێنجشەممە 1ـی ئەیلوولی 2016، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح، جێگرانی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی و سیاسیی یەکێتی، ناوەندی بڕیاردانی یەکێتییان راگەیاند.

هەریەک لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە و مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی، لەگەڵ هەریەک لە حاکم قادر، حامید حاجی غالی، شاڵاو عەلی عەسکەری، عەدنانی حەمەی مینا و چەندین سەرکردەی سەربازیی دیکە پشتگیریی خۆیان بۆ ناوەندی بڕیار راگەیاندووە.







باسنيوز
Top