هەولێر.. نابێت پارەی کارەبای مۆلیدە لەسەرەتای مانگەوە لە هاوڵاتیان وەربگیرێت
بەپێى بڕیارێکى لیژنەی مولیدە ئەھلیەکانیش لەم مانگە بەدواوە نابێت پارەی کارەبای مولیدە لە سەرەتایی مانگ واتە پێش وەختە لە ھاوڵاتیان وەربگیرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبێت لە کۆتایی مانگ پاش وەختە پارە لەهاوڵاتیان وەربگیرێت.
لە کاتێکدا نزیکەی ھەزار و ٨٠٠ مولیدەی ئەھلی لەپارێزگای ھەولێر هەیە، بەڵام لە خۆپیشاندانەکەیاندا خاوەن مولیدە ئەھلیەکان وەک خۆیان ئاماژەیان پێدا، نزیکەی ١٠٠ مولیدەیان کۆژاندوەتەوە کارەبایان نەداوە بە ھاوڵاتیانی نزیکەی ٢٠ گەڕەکی شاری هەولێر.
ھۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تائێستا کەس بە دەنگ داواکاریەکانیانەوە نەھاتووە.
ئاماژەشیان بەوەدا، ترسی ئەوەیان ھەیە ئەگەر بڕیاری لیژنەی مولیدە ئەھلیەکان جێبەجێبکرێت و پێش وەختە پارە لەھاوڵاتیان وەرنەگرن ڕەنگە بەشێک لە مافەکانیان بفەوتێت، بە نموونە ئەو ماڵانەى کە کرێچین ئەگەر پێشەکى پارەیان لێ وەرنەگیرێت لەوانەیە پێش سەرەى مانگ ماڵەکەیان بگوازنەوە و پارەکەى ئەوانیش بفەوتێت.
ئێن ئاڕ تی چەند جارێک پەیوەندیکرد بە لیژنەی مولیدە ئەھلیەکانی پارێزگای ھەولێرەوە، بەڵام بە بیانوی ئەوەی بابەتەکە پەیوەندی بە میدیاوە نیە ئامادە نەبوون لێدوان بدەن، بەڵام تەنیا ئاماژەیان بەوەدا، ئەو بڕیارەی کە داویانە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و لەمەودوا دەبێت خاوەن مولیدەکان لە کۆتایی مانگ پارە لەھاولاتیان وەربگرن.
NRT -
