ئاگری بیرە نەوتییەکانی گەیارە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوه

ئاگری بیرە نەوتییەکانی گەیارە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوه
پێش کۆنترۆڵکردنەوەی ناحیەی گەیارە لەلایەن ھێزەکانی عێراقەوە ھەفتەی رابردوو چەکدارانی داعش ١١ بیرە نەوتی ناحیەکەیان بۆمبڕێژ کرد و تەقاندنیانەوە، بەشێکی بیرەکان چەند مەترێک لەگەڕەکەکانی ناحیەکەوە دوورن، پتر لە چوار رۆژە ئەو بیرانە دەسووتێن و زیانەکانیشیان بە ملیۆنەھا دۆلار دەخەمڵێندرێت.



چەند رۆژێکە ھێشتا دووکەڵە رەشەکە تا لە ناحیەی گەیارە نزیکتربیتەوە رەشتر و زیاتر دەبێت، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" پێش بەجێھێشتنی شارەکە و شکانییان دوای ھێرشەکانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆسەر ناحیەکە دەستیان دایە بۆمبڕێژکردنی چەندین بیرە نەوت لە ناحیەکە کە ژمارەیان ١١ بیرە، تەقاندنەوەی ئەو بیرە نەوتانە لەلایەن داعشەوە سەرباری زیانی زۆری ماددی کە بە دەیان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت زیانی زۆری تەندروستی و ژینگەیش بەدوای خۆیدا دەھێنێت.



لێرە لەناو گەڕەکی شەھیدانی پیاوێکی باڵا مام ناوەند وەکو خۆی دەڵێت لە سوپای عێراق کار دەکات چاوی لەدەستی کارمەندانی بەرگریی شارستانییە تا ئەو ئاگرەی لە ھەفتەی رابردووەوە گڕی گرتووە و ئەو دووکەڵەی ئاسمانی ناوچەکەی تەنیوە بکوژێتەوە، بەڵام ئومێدیشی نییە، عومەر لە نزیک ئۆتۆمبیلەکانی ئاگرکوژێنەوە چاوی لە خانووەکەیەتی کە بەھۆی ئەوەی تەنھا چەند مەترێکی کەم لە یەکێک لە بیرە گڕگرتووەکانەوە دوورە تەواو تێکچووە و جارێکی دیکە بۆ مانەوە تێیدا پێویستی بەکار و پارەیەکی زۆرە کە ئەم لەلای نییە.



گەیارە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بەدەستی داعشەوە بوو، لەو ماوەیە زۆرترین قازانجییان لە رووی مادییەوە لەم ناحیەیە کردووە کە تەنھا ٦٠ کیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە، گەیارە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناحیەکانی عێراق دادەنرێت کە مەزەندە دەکرێت پتر لە دوو ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتیی ھەبێت، لێرە تا چاو بڕ بکات نەوتی خاوە، سەرچاوە و کانەکانی قیر و کبریتیش زیاتر ئەم ناوچەیەی دەوڵەمەند کردووە.



ئێستا لە ناو گەڕەکی شەھیدانی ناحیەکە ئاگرێکی گەورە بەرز دەبێتەوە کە خەڵکی ناوچەکە مەترسی کەوتنەوەی نەخۆشیشی لێ دەکەن، چەندین ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە و چەندین کارمەندی ئاگرکوژێنەوەش زۆر ماندوون و ھەوڵی زۆر دەدەن بۆ کوژاندنەوەی ئەو بیرە نەوتییانەی دەسووتێت، بەڵام پێناچێت ئاگرەکە بە ئاسانی بکوژێتەوە.



موقەدەم مەیسەر موخڵیس فەیسەڵ، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی پارێزگای سەڵاحەددین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "بەپێی رێنماییەکانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی و بە ھەماھەنگی سەنتەری بەرگری شارستانی تکریت لەگەڵ سەنتەری بەرگری شارستانی بەلەد و دجێل و سامەڕا تیمەکان ھەستاوین بە گرتنە ئەستۆی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ئێستا بەشێکیمان کوژاندووەتەوە لەم بیرەی ئێستا خەریکین، ئینشائەڵڵا دەتوانیین بیکوژێننەوە و ھەوڵی زۆر دەدەین بۆ رزگارکردنی شارەکە لەم ئاگرە".



سەبارەت بە زیانەکانی ئەو تەقاندنەوەی داعش بۆ بیرەکان پەیڕەوی کردووە ناوبراو گوتی: "زەرەرەکان زۆر زۆرن، بەدەیان ھەزار لیتر نەوتی خاو سووتاوە و وا دەسووتێن، ژمارەی ئەو بیرانەی داعش تەقاندوونیەوە لێرە ١١ بیر دەبێت و تا ئێستا سەرقاڵی کوژاندنەوەی یەکێک لەو ١١ بیرەین و بەتەواوەتی نەمانکوژاندووەتەوە".



ناوبراو داواشی لە کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور کرد کە بە زووترین کات غاز و فووم و پێداویستییەکانی دیکەیان بۆ دابین بکات، چونکە بەقسەی ئەو ئەگەر بەھانایانەوە نەچن بارودۆخەکە خراپتر دەبێت.



ئاگرەکەی بیرە نەوتییەکانی گەیارە تا دێت بەرز دەبێتەوە، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاگرەکە زیادی کردووە، ھەروەھا سەرەتایی بوونی پێداویستییەکانی ئاگر کوژێنەوە، ھیمەتی پیاوانی ئاگرکوژێنەوە ھێشتا نەیتوانیوە ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵ بکات.



گەیارە یەکێک لە گەورەترین ناحیەکانی پارێزگای نەینەوا، پێش کۆنترۆڵکردنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیک بە ٨٠ ھەزار کەس بووە، زۆری ئەو نەوت و قیرەی لەم ناوچەیە ھەیە وای لێکردووە ناوی لێ بنرێت قەیارە یان "گەیارە بە زاراوەی عێراقی"، لێرە سەرچاوەکانی نەوت و کانەکانی قیر و کبریت لە کەناری رووباری دیجلە ھەتا بڵێی زۆرە، لێرە لەناو ماڵەکاندا نەوتی خاو دەبینرێت.



بەپێی رووپێوە جیۆلۆجییەکان مەزەندە دەکرێت لە گەیارە کە پتر لە ٣٣ بیرە نەوتی ھەیە زیاتر لە دوو ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ ھەبێت، ئەوە سەرباری بوونی کانێکی زۆر لە کبریت و قیر.



بەپێی سەنتەرێکی توێژینەوەی عێراقی بیرە نەوتەکانی گەیارە رۆژانە دوو بۆ سێ ملیۆن دۆلار دەستکەوتی بۆ چەکدارانی داعش ھەبووە، بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە پەیمانگەی وزەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە داعش رۆژانە ٧٠٠ ھەزار دۆلاری وەکو بەرزترین ئاست لە نەوتی گەیارە دەست کەوتووە.



داعش پاش گرتنی گەیارە لە رووی ئابوورییەوە ئەم ناحیەی زۆر بە ستراتیجی بۆ خۆی ھەژمارکردبوو، چونکە یەکێک بوو لە گەورەترین سەرچاوەکانی نەوت و داھاتەکانیشی، ئێستا بە لەدەستدانی ئەو ناحیەیە کە ھەفتەی رابردوو ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کۆنترۆڵیان کردەوە ئیدی سەرچاوەیەکی گەورەی داھاتی دەستی داعش لە کیس چوو.



ئێستا دانیشتوانی گەیارە پاش رزگارکردنی شارۆچکەکەیان لەدەستی داعش داواکاریی یەکەمیان کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەیە کە بە قسەی خۆیان تەواو ھەراسانی کردوون و دەترسن نەخۆشی زۆری لێ بکەوێتەوە.
PAYAMNER -
Top