دڵشاد شەعبان: رێککەوتنی ئەمجارە خێری بۆ دانیشتووانی کەرکووک دەبێ
لە سەردانەکەی ئەم حەفتەیەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبادی و بەرپرسانی عێراقدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق وا ڕێک کەوتن ڕۆژانە ١٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی تورکیاوە ھەناردە بکرێت و، خێروبێرەکەی بە نیوەیی بۆ هەردوو لا بێت."
دڵشاد شەعبان جێگری لێژنەی پیشەسازی و وزە وسەرچاوە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەسەر نەوتی پارێزگای کەرکووک کراوە؛ چونکە بەدیلی ھەردوو لا ھەم حکوومەتی ھەرێم ھەم حکوومەتی عێراقیش ئێستا ئەو نەوتەی کەرکووکە، ئەویش بە شێوەیەکی زۆر ناشەفاف و بە شێوەیەکی زۆر خراپ مامەڵەی پێوە دەکرێ، واتە بەگشتی تەنیا چەند شەخسێک سوودیان لەم نەوتە دەبینی و تەنیا دووکەڵە ڕەشەکەی بۆ دانیشتووانی کەرکووک دەمایەوە؛ دوو بژاردە ھەیە یان دەبێت لێ گەڕێین بەم شێوەیە بڕوات و میللەت سوودی لێ نەبینێت و بەھەدەر بچبێت و چەند کەسێک سوودەکەی بخۆن، یانیش باشتر وایە ھەم حکوومەتی عێراق و ھەم حکوومەتی کوردستان و پارێزگای کەرکووکیش سوود لەم نەوتە بکەن، لەبەر ئەم ھۆکارە ئەم ڕێککەوتنە کراوە، لە ئێستادا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە لە ٢٩/٨/٢٠١٦ نووسراوێک لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێڕاقییەوە ئاراستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان کراوە بۆئەوەی ھەنگاوی یەکەم بنێن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە وە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانیشەوە لە ٣٠/٨/٢٠١٦ وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقیان داوەتەوە دواتریش لەبەندەری جەیهانەوە نوێنەرانی وەزارەتی سامەنە سرووشتیەکان و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، لەوی کۆمپانیایی سۆمۆ چاودێرییان دەکات پێکەوە دانیشتوونە، و ڕێککەوتن کراوە ئەو ١٥٠ھەزار بەرمیلەی ڕۆژانە لە کۆگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆ دەکرێتەوە کە بڕەکەی گەیشتە ١٢٠٠،٠٠٠ بەرمیل ئینجا ٦٠٠،٠٠٠ بۆ حکوومەتی ھەریمی کوردستان دەبێت و ٦٠٠،٠٠٠ـکەی تریش بۆ کۆمپانیای سۆمۆ دەبێت ئەمە بە حوکمی ئەوەی کە ھەر نەوتکێشێک لە بەندەری جەیهان ٦٠٠ھەزار بەرمیل ھەڵدەگرێت یانی بەپێی نەوتکێش مامەڵە لەگەڵ ئەم نەوتە دەکرێت."
شەعبان گوتیشی: "ئەم ڕێککەوتنە سوودێکی باشی بۆ ھەرێم و بەغدا و دانیشتووانی کەرکووکیش دەبێت چونکە داھاتەکە بۆ ھەردوو حکوومەتەکەیە؛ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پابەند دەبێت بە دابینکردنی بڕە کارەبایەک بۆ کەرکووک و، مووچەی ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک و، پێدانی ١٠ملیۆن دۆلار مانگانە کە ئەمە ماوەیەکە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بڕدراوە پارەی پترۆدۆلارە بۆ کەرکووک، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ٦ـەوە تا ئێستا ئەو نەوتە بڕدرابوو بەڵام ھەر پابەند بووە بەرامبەر بە کەرکووک مانگانە ١٠ملیۆن دۆلارەکەی ھەر داوە، گرنگ ئەوەیە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کراوە، وە قازانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەم ڕێککەوتنە ئەوەیە کە ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت کە ڕۆژانە ٧٥٠٠٠ بەرمیلە مانگانە دەکاتە ٢٢٥٠٠٠٠ بەرمیل؛ ئەمەش قازانجەکەی بۆ ھەرێم باشەو باری دارایی کەمێک ڕێک دەخات."
شایانی باسە پارێزگای کەرکووک ٥ نەوتەڵانی ھەیە، دوو نەوتەڵانیان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات و، ئەو باقییەکەیان بەغدا دەستی بەسەردا گرتووە و، ڕۆژێ ١٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێنێت؛ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە دوو نەوتەڵانەکە ٢٠٠ھەزار بەرمیل هەڵدەهێنجێت.
KDP-
