گەشتی ئاسمانیی هەولێر و کوێت دەکرێتەوە
بەمەبەستی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیان فلای میران بەچاودێریی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئیکارۆس تۆری کوێتی ئیمزا کرد و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 10دا یەکەمین گەشتی ئاسمانی لە وڵاتی کوێتەوە بەرەو هەولێر ئەنجام بدرێت.
بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیای ئیکارۆس تۆڕی کوێتی لە ئێستاوە ھەڵمەتی بەبازاڕکردن بۆ گەشتوگوزار دەست پێدەکات و کەرتی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان بەھاووڵاتییانی کوێت دەناسێنێ.
سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم مەولەوی جەبار لە رێورەسمی واژووکردنی گرێبەستەکەدا ئاماژەی بەوە کرد حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و رێکخستنی گرێبەست لە نێوان کۆمپانیاکانی وڵاتانی بیانی و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە کۆمپانیای گەشتیاری کوێتی سەرسامی خۆی بە سرووشتی کوردستان و ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە نیشان داوە.
مەولەوی جەبار باسی لەوە کرد ساڵانی حەفتا و ھەشتاکان کوردستان یەکێک بوو لەو شوێنانەی گەشتیارانی کوێت روویان تێدەکرد، بۆیە ئەوانەی ئێستە تەمەنیان زۆرە، بەشێکی زۆریان شارەزای ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانن.
باسنيوز
