ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: پێگەی کوردستان لە شەڕی داعشدا گرنگە
د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕايگەیاند: “بۆ ئەمەریکا، شەڕی داعش زۆر گرنگە، نایەوێت کێشە سیاسییەکان زۆر بێت، تا شەڕی داعش یەکلایی نەکرێتەوە”. جەختیشی لەوە کردەوە کە لە شەڕی داعشدا، کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە و لەناو کوردستانیشدا “پێگە و شوێنی بارزانی دیارە کە چۆنە و چۆن کاریگەری دەبێت”.
میرخان لە لێدوانەکەیدا ئاماژەشی بەوە کرد: “ئەمریکا دەزانێت ئەگەر گرفتەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت، یان ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت شەڕی داعش زووتر کۆتایی بێبێت و بیەوێت مووسڵ ئازاد بکات، دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە بکات”. ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەم وردەکارییانە لەگەڵ ئەمەریکا باس کراوە و ئێمەش بە ئاشکرا پشتگیریمان دەربڕیوە کە کێشەکان دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، لەناویاندا شەڕی داعش و پرسی نەوت".
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی باسیشی لەوە کرد کە چەندین جارە ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پەنا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبات.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 31\8\2016، جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای لە بارزانی کرد: “بە حیكمەتی خۆت چارەسەری ئەو كێشانە بکە كە لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە”.
باسنيوز
