بڕیارێک لە دژی ئەوانە دەرکرا کە هاوکاریی داعشیان کردووە

 بڕیارێک لە دژی ئەوانە دەرکرا کە هاوکاریی داعشیان کردووە
لە شاری دھۆک، لە سەر داوای ئان ھاگوت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە عێراق، پیاو ماقووڵ و سەرۆک ھۆزەکانی نەینەوا و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، کوبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئەو کەسانەی لە ناو ھۆزەکانی نەینەوا ھاوکاریی داعشیان کردووە، لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا دەربکرێن.

دوای کوبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1\9\2016، بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند: "دوای ڕزگارکردنی ناوچەی گەیارە، ئەو دەڤەرە دەبێتە نموونەیەک بۆ ھەموو ناوچە ڕزگار نەکراوەکانی دیکەی نەینەوا، ھیوادارین ھێزە ئەمنییەکان لە ئاستی پێویستدابن و خەڵک لێیان ڕازی بێت، لە ھەمان کاتدا ھەر کەسێک لە تاوانەکانی داعشدا بەشدار بێت، سزا بدرێت".

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لە کوبوونەوەکەدا باسی سزا کۆمەڵایەتییەکان کرا، لەگەڵ پیاوماقووڵ و سەرۆک ھۆزەکانی نەینەوا، لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە ھەر کەسێک لە ناو ھۆزەکانی نەینەوا لەگەڵ داعشدا بێت، سزا بدرێت و ئەو کەسانەی ھاوکاریی داعشیان کردووە، لە ناوچەکانیان دەربکرێن".






باسنيوز
Top