پسپۆڕێکی ئیسرائیلی: کوردانی عێراق کۆماری کوردستان دادەمەزرێنن
د. ئێدی کۆهین، پسپۆڕی ئیسرائیلی لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی لە میانەی وتارێکدا، کە رۆژی چوارشەممە 31ـی ئەیلوولی 2016 لە رۆژنامەی (ئیسرائیل هایۆم)ی فەرمیی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، راگەیاندووە، راپەڕینی گەلانی عەرەب دژی رژێمەکانیان، کە بە بەهاری عەرەبی ناسراوە، فتیلەی ناکۆکییەکانی لەو وڵاتانە تەقاندەوە.
ئێدی کۆهین پێیوایە وڵاتانی لیبیا، لوبنان و یەمەن پارچە پارچە دەبن و هاووڵاتییانی میسریش بەسەر لایەنگرانی محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری لەسەرکار لادراو و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری ئێستا دابەش دەبن و قیبتییەکان (مەسیحین) دەچنە پاڵ لایەنگرانی مورسی.
ئەو پسپۆڕە ئیسرائیلییە دڵنیایە لەوەی ”کۆماری کوردستان“ لە کوردستانی باشوور دادەمەزرێت پایتەختەکەشی شاری هەولێر دەبـێت. پێشبینیی ئەوەش دەکات، کە سووریا بۆ سێ بەش دابەش دەبێت، دەوڵەتی شیعە و عەلەوییەکان لە تەرتووس، سوننەکان لە حەلەب و ”کوردەکانیش لە باکووری سووریا کیانێکیان دەبێت، کە لەرووی سیاسیی و جوگرافییەوە پەیوەندییان بە کۆماری کوردستان دەبێت“.
بەپێی پێشبینییەکانی ئێدی کۆهین، عێراقی عەرەبی دابەش دەبێتە سەر دوو دەوڵەت، کە شاری بەسرە دەبێتە پایتەختی دەوڵەتی شیعەکان و سوننەکانیش دەوڵەتێک بۆ خۆیان دادەمەزرێنن، کە پایتەختەکەی شاری بەغدا دەبێت.
پێچەوانەی گەل و رژێمەکانی عەرەب، کە بەردەوام کەمە نەتەوەکانی ناو وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بە دابەشکردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار دەکەن، ئەو پسپۆڕە ئیسرائیلییە پێیوایە رژێمە عەرەبییەکان خۆیان بە کردەوەکانیان هانی دابەشبوون و دروستبوونی وڵاتانی ناوچەکە دەدەن.
باسنيوز
