زانیاری ورد لەسەر دەستپێکردنی شەڕی چەکداری نێوان حزبەکوردییەکانی هەرێم دەخاتەڕوو
لە١٩ی ئایار ژووری عەمەلیاتی ئاشتی لەهاوینەهەواری سەلاحەدین دروستکراو دوای کۆبوونەوەیەکی بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ بڕیاری راگرتنی شەڕ درا.
لەرۆژی ٢ی حوزەیرانی ١٩٩٤ دا تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا گەڕانەوە کوردستان و رۆژی دواتر تاڵەبانی یەک لایەنە راگرتنی شەڕی راگەیاند کە هاوکات بوو لەگەڵ گرتنی قەڵادزە و پێنجوێن لەلایەن هێزەکانی پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامیەوە.
لەرۆژی ٣٠ی حوزەیراندا بەئامادەبوونی بارزانی و تاڵەبانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوووەوەو جۆرێک لەهێوربوونەوە هاتە ئاراوە، ئەگەر چی ناوبەناو شەڕ هەر بەردەوام بوو تاکۆتایی ساڵی ١٩٩٤.
روداوەکانی ساڵی ١٩٩٥ و ساڵی ١٩٩٦
سەرەتای ساڵی ١٩٩٥ دیسانەوە شەڕ دەستی پێکردەوە، رۆژی ١٥ی کانونی دووەم هێزەکانی یەکێتی شاری هەولێریان گرت، وەک هەوڵێک بۆ راگرتنی شەڕەکەش رۆژی ٩ی ئابی ١٩٩٥ بەچاودێری ئەمەریکا وەفدی یەکێتی و پارتی لەدبلنی پایتەختی ئیرلەندا کۆبوونەوەو رۆژانی دواتر هێزەکانی پەکەکە پەلاماری بارەگاکانی پارتیاندا لە بامەڕنی و زاخۆ و مێرگەسور و بارزان، ئەوەش بارودۆخەکەی ئاڵۆزترکرد.
لەلایەکی ترەوە مەفرەزەیەکى پاسدارانی ئێران بەچاوساغی هێزەکانی یەکێتی سنوری کوردستانیان بەقوڵایی ٢٥٠ کیلۆمەتر بەزاند و رۆژی ٢٨ ی تەموزی ١٩٩٦ لەهەیبەت سوڵتانەوە پەلاماری بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیاندا.
هاوینی ساڵی ١٩٩٦ پارتی تەنیا کەمتر لە یەک لەسەر سێی خاکی کوردستانی لەژێر دەستدابوو، تا رادەیەکی زۆر ئەمەریکا و تورکیاو ئێران پشتیان تێکردبوو لەشەڕەکەدا دژی یەکێتی.
لەشەوی ١٧ لەسەر ١٨ ی ئابی ١٩٩٦ جەولەی سێیەمی شەڕی ناوخۆ لە رەواندوزەوە دەستی پێکردەوەو یەکێتی سەفین و شەقڵاوەی گرت و لەسەری رەش نزیکبوونەوە، مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتی رۆژی ٢٢ی ئاب نامەیەکی رەوانەی سەدام حسێن کرد و تیایدا داوای یارمەتی لێکرد.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ سوپای عێراق بەچاوساغی هێزەکانی پارتی لەچەند قۆڵێکەوە هێرشیانکردە سەر شاری هەولێر کە ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار سەرباز و نزیکەی ٥٠٠ تانک مەزەندە دەکرا لەهێزەکانی گاردی کۆماری و فەیلەقی ١ و ٥ پێکهاتبوون.
سوپای عێراق لەمیحوەرەکانی کانی قرژاڵەو قوشتەپەو چەند شوێنێکی دەوری هەولێر بەرەوناوشار هاتن، یەکەم شکانی هێزەکانی یەکێتی لەرێگای گوێر هەولێر رویداو بەوەش شیرازەی بەرەکانی شەڕی یەکێتی تێکچوو نەیانتوانی بەرگری بکەن و لەماوەیەکی کەمدا شاری هەولێر گیراو دەبابە گەیشتە بیناى پەرلەمان.
هەرچەندە کۆسرەت رەسوڵ سوربوو لەسەر ئەوەی کەدەبێت لەناو هەولێردا بەرگری بکەن، بەتایبەت کە تائێوارەی ٣١ی ئاب چارەنوسی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و فواد مەعسوم و کەمال فوئاد و عومەر فەتاح لەناو هەولێردا دیار نەبوو.
بەڵام لەسەر راسپاردەی مەلا بەختیار، محەمەدی حاجی مەحمود، داوا لە کۆسرەت رەسوڵ بکێشتەوە چونکە بەرگریکردن سودی نییە، بۆیە هێزەکەی کۆسرەت رەسوڵ لەبنەسڵاوەوە دەچێتە بێستانە و هەولێر چۆڵدەکەن وەک محەمەدی حاجی مەحمود لەبیرەوەرییەکانیدا دەیگێڕێتەوە.
سوپاى عێراق لەناو شاری هەولێردا بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و بەرەی تورکمانی گرت و چەندین کەسیشیان لێ کوشتن.
تا کاتژمێر ٩ی شەوی ٣١ی ئاب، بەشێک لەهێزەکانی یەکێتی لەناو هەولێردا مانەوە، دوای چۆڵکردنی هەولێر هێزەکانی یەکێتی لەهەموو بەرەکاندا کشانەوەو کۆیەش گیراو تاڵەبانی رۆژی ٨ ی ئەیلول سەردانى نزیک کانی وەتمانی کرد و کاتێکیش هێزەکانی یەکێتی بەوحاڵەوە دەبینێت بۆ شەوەکەی یەکێتی شاری سلێمانیان چۆڵکرد بەرەو سنورەکانی ئێران.
داوی مانگێک لە رووداوی ٣١ی ئاب هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەڕانەوەو دژە هێرشیان دەستپێکرد و شاری سلێمانیان گرت و نزیک هەولێریش بونەوە، بەڵام وەک تارق عەزیز لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت تاڵەبانیان ئاگادارکردەوە لەو زیاتر پێشڕەو بکەن جارێکى تر هێزەکانیان دەستێوەردان دەکەن لە بەرژوەندى پارتى.
دوابەدواى هەڕەشەى بەعس، بۆردومانى فرۆکەکانی تورکیاش کە هاوکارى پارتیان دەکرد رێگەیانگرت لە پێشڕەوى یەکێتى و ئەوەش هەرێمی کوردستانی بۆ دوو ئیدارەی حکومڕانی بۆ ساڵانێک دابەشکر
NRT -
