هاوردەکردنی مۆبایلە تازەکان کەمبووەتەوە
مۆبایلە ئەوروپیەکان، ئەو مۆبایلانەی کە بەکارهاتوون و لە بازاڕەکانی جیهان هەناردەی باشووری کوردستان دەکرێن، بەهۆی زۆری خواست لەسەر ئەو مۆبایلە بەکارهاتووانە، کڕیاری مۆبایلە نوێکان بەڕێژەی زیاتر لە 30% کەمبووەتەوە.
محەممەد عەبدولجەبار، فرۆشیاری مۆبایلی نوێ بۆ رووداو گوتی"پێشتر ئەگەر رۆژانە بە بڕی دوو دەفتەر دۆلار مۆبایلمان بفرۆشتبا، ئێستا کەمبووەتەوە بۆ رێژەی 30 % بۆ 40 % ئێستا خەڵکەکە زیاتر مۆبایلی بەکارهاتوو دەکرێت، خەڵک ئەو پارەی نییە تا مۆبایلی تازە بکرێت.
سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی باری دارایی هاونیشتمانیانی کەمکردووەتەوە، ئێستا بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان بەدوای ئەو کاڵایانەدا دەگەڕێن کە نرخیان هەرزانە، هەرزانی نرخی مۆبایلە ئەوروپییەکان کڕیاری زۆرتر کردووە.
بەر لە قەیرانی دارایی ساڵانە بەشێک لە هاونیشتمانیان چاوەڕوانی کەوتنە بازاڕی نوێترین جۆرەکانی مۆبایلیان دەکرد، بەڵام زیاتر لە دووساڵە ئەو خواستە کەمبووەتەوە.
لەڕێگای فرۆکەخانە و سنوورەکان، رۆژانە زیاتر لە 1000 مۆبایلی بەکارهاتوو هاوردەی باشووری کوردستان دەکرێن، بەوهۆیەوە بازرگانانی مۆبایل هاوردەی مۆبایلە تازەکانیان بەڕێژەی 70% کەمکردووەتەوە.
NRT -
