ئەدهەم بارزانی: پارتی و یەکێتی ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە

 ئەدهەم بارزانی: پارتی و یەکێتی ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كودستان لە سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد كە یەكێتی و پارتی دوو حزبی سەرەكین لە كوردستان و بە درێژایی مێژوو هاوكاری یەكتر بوونە، گۆڕانیش دەرگای گفتوگۆی داخستووە و ئێستا نەوشێروان مستەفا قەرزدارە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31\8\2016، ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كودستان لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "یەکێتی و پارتی، حزبی سەرەكین و باری گرانی دەسكەوتەكانی ئەم باشوورەی كوردستان لەدەست ئەوانە، بە درێژایی مێژوو ئەم دوو حزبە هاوكاری یەكتر بوونە، لە پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردن، پێكەوە خەباتیان كردووە". ئەدهەم بارزانی، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "ئەمڕۆ لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبووینەوە، باسمان لە پەیوەندیی دوو لایەنە كردووە، هەردوولا جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت ئەم پەیوەندییانە بەرەو بەهێز بوون بچن".

سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كودستان لە سلێمانی، ئەوەی خستە ڕوو: "بزووتنەوەی گۆڕان لەسەرەتاوە دەرگای گفتوگۆیان قوفڵ كردووە، چەندین جارە لە ئاستی لێدوان و قسەی بەرپرس و كادیرانیان، وایان كردووە كە دەرگای گفتوگۆ قوفڵ بكەن، لە كاتێكدا من هاتمە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بە ڕاشكاوانە گوتم كە دەرگامان بۆ گۆڕان كرایەوە، بۆیە دەبوو وەك ئەركێكی ئەخلاقی، ئەوان وەك پیرۆزبایی، سەردانی منیان بكردبایە كە وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دەست بەكار بووم".

ئەدهەم بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جەختیشی لەوە کردەوە: “من كاتێك سەردانی نەوشیروان مستەفام كرد، نە كەسێك لە ناو پارتی دیموكراتیی كوردستان و نە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانیان نەدەكرد، ئەو كاتە هەر كەسێك سەردانی بكردبایە، بە تاوانبار لە قەڵەم دەدرا، یان كە سەردانی دەكرد، دەبوو لە پێش كامیراكان نەبووایە، لەو كاتە لەبەر چاوی کامێراکان سەردانم كرد و كۆبوومەوە، بۆیە لە ڕووی ئەخلاقی سیاسییە، ئەو قەرزدارە، دەبوو هیچ نەبووایە پیرۆزایی ناردبایەوە و سەردانی بكردباین".

ئەدهەم بارزانی لە قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵمەتی میدیایی لە چوارچێوەی ڕۆژی 31ی ئاب، گوتی: “مێژووی ڕزگاریخوازی كوردستان، هەوراز و نشێویی زۆری بینیوە، بۆیە باوەڕ ناكەین ئەم ڕووداوە كاریگەری لەسەر ئاستی پەیوەندیی ئێمە و یەكێتی هەبێت".










باسنیوز
Top